٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ٢٢ جەختی لە پشتیوانیکردنی داواکارییەکانی تەندروستکارانی گەرمیان کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان پێشوازی لە شاندێکی کارمەندانی سەندیکای تەندروستی کرد و بەڵێنی دا لە ڕێگەی وەزارەت و وەزیری تەندروستییەوە بەدواداچوون بۆ هێنانەدی داواکارییە ڕەواکانیان بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە بارەگای لق، حسێن کەلاری، بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی کارگێڕانی لق، پێشوازی لە ژمارەیەک لە کارمەندانی سەندیکای تەندروستی کرد.

لە دیدارەکەدا، کارمەندانی تەندروستی کۆمەڵێک لە کێشە، گرفت و داواکارییە پیشەیییەکانیان خستە ڕوو، هاوکات داوایان لە لقی ٢٢ی گەرمیان کرد پاڵپشتییان بکات بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکانیان.

کارمەندانی تەندروستی توێژێکی گرنگ و حەیاتیی کۆمەڵگەن و بەردەوام لە نەخۆشخانەکان، ناوەندە تەندروستییەکان و نۆرینگەکاندا خزمەت بە هاووڵاتیان دەکەن، لەڕەنگدانەوەی ئەمەشدا لقی ٢٢ بە جدییەوە لە کێشە و داواکارییە ڕەواکانیان دەڕوانێت.

لە لایەن خۆیەوە، حسێن کەلاری جەختی لە سەر پاڵپشتیی بەردەوامی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ داواکارییە ڕەواکانی توێژی تەندروستکاران کردەوە. بەڵێنی دا لە ڕێگەی پەیوەندییە بەردەوامەکانیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزیری تەندروستی، تەواوی داواکارییەکانیان بگەیەنێت و هەوڵی جدی بۆ چارەسەرکردنیان بگرێتە بەر.

هەواڵی پەیوەندیدار