٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوای پارتی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ڕەوشی شنگال بڵاو کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوا-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ڕەوشی شنگال و مافی بڕیاردانی ئێزدییەکان بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی کردەوە، پارتی بەرگریکاری سەرەکیی شنگال بووە و دەبێت، هاوکات ڕایگەیاند هیچ کەس و لایەنێک مافی ئەوەی نییە لە جیاتی ئێزدییەکان بڕیار لە چارەنووسیان بدات.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای نەینەوا:

ڕاگەیەندراوێک لە مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سەبارەت بە ڕەوشی شنگال و مافی بڕیاردانی ئێزدییەکان

ماوەیەكە سەبارەت بە ڕەوشی شنگال و چارەنووسی خوشك و برایانی ئێزیدی كۆمەڵێك كەس و لایەن دەركەوتوونە كە ڕێگە بە خۆیان دەدەن لەوبارەیەوە لێدوانی نابەرپرسیارانە و بووچوونی نابەجێ بە ئاراستەی دژایەتیكردنی پارتی بخەنەڕوو. لێرەوە بە هەموو لایەك ڕادەگەیێنین كە لە هەموو قۆناغەكان و لەهەر بارودۆخێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان بەرگریكاری سەرەكیی شنگال و بەرژەوەندیی خوشك و برایانی ئێزیدی بووە و ئەمەی بە ئەركی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆی زانیوە و لەو بەرگریكردنەش بەردەوام دەبێت.

جەختیش لەوە دەكەینەوە تەنیا دانیشتوانی شنگال و ئێزیدییەكانن خۆیان ئەو مافەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان و داهاتوویان بدەن. هیچ كەس و لایەنێكی تر بۆی نییە لەجیاتی ئێزیدییەكان بڕیار لە چارەنووسیان بدات و خەت و نیشانیان بۆ دیاری بكات. ئەگەر ئەو لایەنانە زۆر خۆیان بە پەرۆشی دۆخی شنگال و ئێزییدیەكان دەزانن با ڕاپرسییەك لەناو خوشك و برایانی ئێزیدی بكرێت و ئێزیدییەكان چ بڕیارێكیان دا، دەبێ هەموو لایەك بەڵێنی ئەوە بدەن پابەندی خواست و بڕیاری ئێزیدییەكان بن و ڕێز لە ئیرادەیان بگرن. جگە لەوە هیچ كەس و لایەنێك مافی ئەوەی نییە خۆی بكاتە دەمڕاست و خاوەنی چارەنووس و داهاتووی ئێزییدیەكان و دەست لە كاروباریان وەربدات.

مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی دیموكراتی كوردستان

29-10-2026