٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

وتەبێژی حەج و عومرە بۆ KDP.info: هەر کەسێک دوا بکەوێت مافی حەجکردنی نامێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاگاداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە ناویان بۆ حەجی ساڵی ٢٠٢٧ دەرچووە و تا ئێستا مامەڵەکانیان تەواو نەکردووە، تاوەکو ٥ی تشرینی دووەم مامەڵەکانیان تەواو بکەن، بە پێچەوانەوە مافی حەجکردنیان دەفەوتێت.

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە ناویان بۆ ئەرکی پیرۆزی حەجی ساڵی ٢٠٢٧ دەرچووە و تاوەکو ئێستا مامەڵەکانیان تەواو نەکردووە، پێویستە تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، سەردانی نووسینگەی حەج و عومرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بۆ بەجێگەیاندن و تەواوکردنی ڕێکارەکان."

وتەبێژی حەج و عومرە جەختی کردەوە، "دوای ئەو وادەیە بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتەکە درێژ ناکرێتەوە و هەر کەسێک دوا بکەوێت، مافی حەجکردنی نامێنێت و ناوی یەدەگ لە شوێنیان دادەنرێت."

سەبارەت بە ڕێژەی تەواوبوونی مامەڵەکان، کاروان ستوونی ئاشکرای کرد، "بۆ حەجی ساڵی ٢٠٢٧ زیاتر لە ٥ هەزار و ١٢٠ کەس ناویان هاتووەتەوە، تاوەکو ئێستاش ٨٥٪ی هاووڵاتییان مامەڵەکانیان بە تەواوی ڕاپەڕاندووە."

لەبارەی مەرج و بەڵگەنامە پێویستەکانەوە، گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی، "بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان، پێویستە کەسەکە خۆی ئامادە بێت تاوەکو ڕەوشی تەندروستیی هەڵبەسەنگێنرێت، هاوکات بڕی ٦ ملیۆن دینار لەگەڵ کۆپیی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت."