٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا سامی بۆ KDP.info: بەهۆی بەرزبوونەوەی هۆشیاریی هاووڵاتییان ئاژەڵ و باڵندەی کێوی زیادیان کردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان جەخت لە کاریگەریی ئەرێنیی بڕیار و ڕێنماییەکانی حکوومەت لە بواری پاراستنی ژینگەدا دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕێکاری یاسایی توند بۆ ڕێگری لە داربڕین و ڕاوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان گیراوەتە بەر، ئەوەش وای کردووە هۆشیاریی ژینگەیی لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە.

لیوا سامی سابر، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) ڕایگەیاند، "ساڵانە ڕێنماییە ژینگەیییەکان وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن. ئێستا هۆشیاریی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە زۆر زیاتر بووە. بەتایبەت بۆ ڕێگری لە داربڕین، ڕێکاری زۆر توند گیراوەتە بەر و سەرپێچیکاران سزای یاسایی دەدرێن. تیمەکان و پۆلیسی دارستان بەردەوام لە ئەرکدان، ئەمەش هاوکار بووە لەوەی هاووڵاتییانیش بە پەرۆشییەوە ژینگە بپارێزن."

نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بە ڕێنماییە ناوخۆیییەکان کرد و گوتی، "ئەوەی زۆر گرنگە ئەو هۆشیارییەیە کە دروست بووە، بەردەوامیش ڕێنمایی نوێ دەردەکرێن. لە ئێستادا ڕێنمایی دەرچووە کە تەنانەت پێشمەرگەش لە کاتی ئەرکدا مافی داربڕینی نییە، ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنی بووە بۆ بووژانەوەی دارستان و دارستانی چیاکان."

لیوا سامی سابر لەبارەی ڕێگریکردن لە ڕاوکردنەوە ڕوونی کردەوە، "بۆ ڕاوکردنیش بە هەمان شێوە ڕێکار گیراوەتە بەر و ڕێگە بە ڕاوچییان نادرێت، بەو هۆیەوە لە زۆربەی شوێنەکان ئاژەڵ و باڵندەی کێوی زیادیان کردووە، بۆ نموونە لە چیای سەفین ئاستی سروشتیی کەو و ئاژەڵی کێوی ڕووی لە زیابوون کردووە."

لە کۆتاییدا ناوبراو جەختی کردەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی بەرفراوانی لە بواری ژینگەییدا ناوە و هاووڵاتییانیش بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانن. ئێستا پاراستنی ژینگە لای هەموو تاکێک بووەتە ئەرکێکی نیشتمانی و حکوومەتیش بەردەوام لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبێت."

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار