جەمال عەلەمدار: بارزانیی نەمر زیاتر لە سەرکردەیەک و وەک باوکێکی دڵسۆز بوو بۆ من

ستۆکهۆڵم-KDP.info- لە ڕێوڕەسمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی (گەشتە تەواونەکراوەکەی کوردێک) لە ستۆکهۆڵم، نووسەری ناوداری کورد جەمال عەلەمدار ڕایگەیاند، بارزانیی نەمر سەرکردەیەکی مەزن و خاکی و وەک باوکێکی دڵسۆز بووە بۆی، هاوکات جەختی لە گرنگیی یەکدەنگیی نەتەوەیی و شارەزابوونی نەوەی نوێ بە مێژووی خەباتی گەلی کورد کردەوە.
لە کتێبخانەی کوردیی ستۆکهۆڵم لە پایتەختی سوید، لە کەشێکی ئەدەبی و کلتووریدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆژنامەوانانی کورد و سویدی، مەراسیمێکی تایبەت بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی (گەشتە تەواونەکراوەکەی کوردێک) لە نووسینی جەمال عەلەمدار بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، نووسەر جەمال عەلەمدار ئاماژەی بە کەسایەتیی میحوەریی ڕابەری نەتەوەیی کرد و گوتی، "بارزانیی نەمر زیاتر لە سەرکردەیەک بووە بۆ گەلی کورد و وەک باوکێکی دڵسۆزیش بووە بۆ من، مرۆڤێکی مەزن و خاکی بوو و بەندەش زۆر سەرسامی کەسایەتییە کاریزماییەکەی بووم."
عەلەمدار جەختی لەسەر ئاگاداریی نەوەی ئاینده لە ڕەوتی خەبات کردەوە و گوتی، "بەوپێیەی نەوەی تازە داهاتووی ئێمەیە، پێویستە شارەزای مێژووی خۆمان بن و بزانن کە پێشتر چی کراوە و چ قوربانییەک لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلی کورد دراوە تاوەکو گەیشتووینەتە ئەم قۆناغەی ئێستا."
سەبارەت بە ناوەڕۆک و ئامانجی بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکەش، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بەرهەمە بریتییە لە بیرەوەریی نەتەوەیەک و کۆمەڵێک بابەتی مێژوویی گرنگ لەخۆ دەگرێت، کە پێویستە هەمووان پەند و وانە لە ئەزموونەکانی وەربگرن.
لە کۆتاییشدا، نووسەر جەمال عەلەمدار پەیامی یەکێتیی ڕێزەکانی گەلی کوردی دووپات کردەوە و گوتی، "پێویستە هەموو کوردان یەک بگرین و دژایەتیی یەکتر نەکەین تاوەکو بە ئامانجە ڕەواکانی خۆمان بگەین، بێگومان بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیش کۆی خەونەکانمان دەبنە واقیع."
پەرتووکی (گەشتە تەواونەکراوەکەی کوردێک) باس لە ئەزموون و وێستگە جیاوازەکانی ژیاننامەیی و مێژوویی نووسەر دەکات لە چوارچێوەی خەباتی نەتەوەییدا.

