٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە چارلی پاكانا مانانگان باڵیۆزی فلیپین لە عێراق کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە باڵیۆزی فلیپین لە عێراق و نوێنەری ڕێکخراوی "ئاسیان" کرد و پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هەڕەشەکانی تیرۆر بۆ سەر ئاسایشی جیهانی و ناوچەیی تاوتوێ کران.

ڕۆژی شەممە 24ی تشرینی یەكەمی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە چارلی پاكانا مانانگان باڵیۆزی فلیپین لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی فلیپین لە عێراق كە وەک نوێنەری ڕێكخراوی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN) سەردانی سەرۆک بارزانی كردبوو، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبوو. هەروەها كورتەیەكی لەبارەی مێژووی ڕێكخراوی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و سیاسەتی ئەو ڕێكخراوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و توانا ئابوورییەكانی بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو. باڵیۆزی فلیپین ویستی ئەو ڕێكخراوەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و ئاشنایی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی باڵیۆزی فلیپینی كرد و بەپێزانینەوە باسی لە هەوڵ و تێكۆشانی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا كرد بۆ گەییشتن بە ئازادی و هەروەها بووژانەوە و گەشەی ئابووری.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی مەترسییەكانی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەیی ئاڵوگۆڕ كرد.

هەواڵی پەیوەندیدار