د. عەبدوڵڵا خورشید: کوردستان خاوەنی ٨ ھەزار ناوچەی شوێنەوارییە..پێویستە دەستەیەکی گشتیی بۆ شوێنەوار هەبێ

ھەولێر -KDP.info- وڵاتان گرنگییەکی زۆر بە شوێنەوارە کۆن و مێژووییەکانی کوردستان دەدەن و بەردەوام تیمی وڵاتان گەڕان و پشکنین دەکەن، پسپۆرێکی ئەو بوارە کە لە بواری نێوخۆیی و دەولیدا کار دەکات دەڵێ، ٥٠ تیمی بیانی سەردانی کوردستانیان کردووە و ھۆکارەکەش بۆ ئارامیی کوردستان دەگەڕێنێتەوە و، دەشڵێت، کوردستان خاوەنی ٨ ھەزار ناوچەی شوێنەوارییە.
لە ھەرێمی کوردستان چەندین شوێنەوار و کەلەپوور ھەیە، کە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ چەندھەزار ساڵێک لەمەوبەر، تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە گرنگیی زیاتر بەو ناوچە شوێنەوارییانە بدرێت، ھەربۆیە تیمە نێودەوڵەتییەکان گرنگیی زیاتر بەو ناوچانە دەدەن و بەردەوام خەریکی گەڕان و پشکنینن.
لەم بارەیەشەوە، دکتۆر عەبدوڵڵا خورشید، بەڕێوەبەری پەیمانگای عێراق بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور، هاوکات پسپۆڕی دەولی بۆ بواری شوێنەوار لە لێدوانێکدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "زانکۆکانی وڵاتان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و ھەمیشە ھەوڵ دەدەن توێژینەوەی زیاتر لە شوێنەواری کوردستان بکەن، ئەو ئارامییەی لە کوردستانیش ھەیە، ھۆکار بووە بۆ ھاتنی تیمی وڵاتان."
ڕایشیگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا ٥٠ تیمی بیانی سەردانی کوردستانیان کردووە، لە گەرمیان، دھۆک، ھەولێر، سۆران و سلێمانی ھەڵکۆڵینیان کردووە."
دکتۆر عەبدوڵڵا خورشید گوتیشی: "تیمی ئەمەریکیی زانکۆی ھارڤارد یەکەم زانکۆیە لەسەر ئاستی جیھان کاری ڕووپێوی شوێنەواریی کرد لە دەشتی ھەولێر و مەخموور و بەردەوامیش دەبێت، ھەروەھا زانکۆی وارشۆ لە ھۆڵەندا بە ھەمان شێوە کاری کرد."
تیمە بیانییەکانیش بریتین، لە ئەمەریکی، ھۆڵەندی، ئیتاڵی، بەریتانی، ئەڵمانی، یۆنانی، ئیسپانی، یابانی، کە ئەم تیمە یابانییە بە ھاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ڕیدینگی بەریتانی ئێستا لە سلێمانی کار دەکەن، ئەم تیمانەی کە لە کوردستان بە نووسین کار دەکەن، دواتر دەیکەن بە کتێب و دەبتە مێژوو بۆ ھەرێمی کوردستان.
کۆنترین شوێنەواری کوردستان
خورشید باس لەوە دەکات، کۆنترینی ئەو شوێنەوارانەی کە بەڵگەن بۆ بوونی ژیان لە کوردستان ئەشکەوتی شانەدەرە، کە تەمەنەکەی گەڕاندەوە بۆ ٦٥ ھەزار ساڵ لەمەوبەر و لەو کاتەدا خەڵک لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە، لە ماوەی ڕابردووشدا تیمێکی بەریتانی کاریان تێدا کردووە، ئەوانیش وایان ڕاگەیاند کە مەزەندەی مێژووەکەی بۆ ٧٠ ھەزار ساڵ دەگەڕێننەوە.
باسی لەوەش کرد: ''بەھۆی بەفر و بارانێکی زۆرەوە خەڵکی ئەوکاتی ئەشکەوتەکە بەرەو ڕووبارەکان ھاتوون، بەڵگەش بۆ ئەوە دێنێتەوە کە زێی زاوی چەمەڵ، نزیک ئەشکەوتی شانەدەر، خەڵکی لێ ژیاوە، ھەروەھا زێی چەرمۆ و نمریک ئەو گوندانەن کە خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە."
ناوبراو وتەی شوێنەوارناسێکی ئەڵمانیی باس کرد، کە ئەو شوێنەوارناسە گوتویەتی، شارەستانییەت لە باکوورەوە بەرەو باشووری عێراق ڕۆیشتووە، واتا خەڵکەکە لێرەوە کۆچیان کردووە بۆ ناوچەکانی تر.
دکتۆر عەبدوڵڵا، جەختیش دەکاتەوە، بەراورد بە عێراق، کوردستان زۆر پێشکەوتووترە، ھەرێمی کوردستان سەندیکای شوێنەواری ھەیە، بەڵام عێراق سەندیکای نییە، ھەروەھا ئەمەریکا پەیمانگایەکی دروست کرد لە عێراق بۆ ڕاھێنانی کارمەندانی شوێنەوار، سەرەتا دەبوایە لە بەغدا دروست بکرێت، بەڵام لەبەر نالەباریی بارودۆخی عێراق، ئەوکات داوایان لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ئەوکاتی هەرێمی کوردستاب کرد کە لە کوردستان ئەو پەیمانگایە بکرێتەوە.
لە خاڵی ١٦ی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە بایەخ بە شوێنەوار و شوێنە مێژووییەکان دەدات.
بەڕێوەبەری پەیمانگای عێراق بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لەم بارەیەوە دەڵێت: "شوێنەوار گرینگیی خۆی ھەیە، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمدا نووسراوێکمان ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت کردووە بۆ دامەزراندنی دەستەیەکی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور کە سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بێت.
ئەو دەشڵێت: "ئومێدمان زۆرە بەم کابینەیە، چونکە دوای ھاتنی ئەو تیمە بیانیانە و ڕووپێوکردنیان دەرکەوتووە کە کوردستان خاوەنی ٨ ھەزار ناوچەی شوێنەوارییە."
ئەو، ئاماژەی بە گەڕەکەکانی تەعجیل و خانەقا لە شاری ھەولێر کرد و گوتی، لە شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان بە دەیان خانوو و شوێنی کەلەپووری ھەیە. بە وتەی ناوبراو، ئەگەر بێت و فریایان نەکەوین، ئەوا دوای ١٠ ساڵی تر نابینە خاوەنی ھیچ شتێکی کەلەپووری.
باسیشی لەوە کرد، کە ھەندێک وڵات ھەوڵی نەھێشتن و شێواندنی مێژووی کوردیان دەدا، بەڵام قەڵاتی ھەولێر و ئەشکەوتی شانەدەر بەڵگەن بۆ مێژووی کورد، کە ئەشکەوتی شانەدەر تەمەنی بۆ ٦٥ ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ھاوکات پێیشی وایە، کەمن ئەو کەسانەی کە قیمەتی شوێنەوار دەزانن، چ لە ئاستی حکوومی، یاخود حیزبی. باسی لەوەش کرد، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کۆنفرانسێکی شوێنەوار بووە لە وڵاتی ئوردن و بە ھەموو مۆزەخانەکانیانەوە خاوەنی ٦٩ ھەزار پارچەی شوێنەوارین، کەچی تەنیا لە مۆزەخانەی شاری سلێمانی ٦٥ ھەزار پارچەی شوێنەواریمان ھەیە.
لە ڕووی گەشتیاریشەوە دەڵێت: "سوودێکی ئەوتۆمان لێ نەکردووە، ناوبراو گلەییی لە بەرێوەبەرانی گەشتوگوزار هەیە کە ھەوڵەکانیان زیاتر بۆ پڕۆژەی گەشتیاری بووە، نەک شوێنە شوێنەوارییەکان."
ھەڵکەوت محەمەد




