٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگار: 20%ی كارەبای ھەولێر دەدزرێت.. ھیچ كەس پارێزبەندیی لەسەر نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داھاتوودا دەست بە بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا دەكەن و ھەموو كەسێك دەگرێتەوە و ھیچ كەسێكیش پارێزبەندیی لەسەر نییە.

د. فرسەت سۆفی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا، لە ئەولەوییەتی كارەكانمانە و فەرمانگەكانمان لە هەموو قەزا و ناحییەكان و لە ناو شاری هەولێر ئەم پڕۆسەیە بەردەوامی پێ دەدەن تا هەموو ئەو یەكە نیشتەجێبوونانەی كە پێشتر ڕێگەیان پێ نەدەدرا و بە زێدەڕۆیی دروست كرابوون، پێوەر ببەستن، بۆیە بڕیارمان دا كە لە ڕۆژی 2ـی 2ـی 2020 پڕۆسەی بڕینی كارەبای زێدەڕۆ لە هەموو شوێنەكان و گشت قەزا و ناحییەكان دەست پێبكەین، لیژنەشمان پێك هێنا لە هەموو قەزاكان بە سەرپەرشتیی قایمقامەكان و ئەندامێتیی پۆلیسی كارەبا و فەرمانگەكانی كارەبا، كە لە هەر یەك لەم لیژنانە داواكاری گشتی سەرپەرشتی یاسایی دەكات بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرانبەر سەرپێچیكاران."

پارێزگاری هەولێر روونیشی كردەوە: "جارێكی تر داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان و هەموو هۆتێلەكان، كۆمپانیاكان و گشت شوێنە بازرگانییەكان و ڕێستورانتەكان دەكەین، كە پابەند بن و تا وادەی دیاریكراو كارەباكانیان ڕێك بخەنەوە و ئەو كارەبا تەجاوزەی كە ڕایانكێشاوە بیبڕن، چونكە وەك پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، كارەبای زێدەڕۆ دەبڕین و سزای سەرپێچیكاران دەدەین و ڕێكاری یاسایی دەگرینە بەر."

سۆفی ئاماژەشی دا: "20%ی كارەبای ھەولێر دەدزرێت، بۆیه‌ لەم پرۆسەیەدا نابێت هیچ كەسێك پارێزبەندیی لەسەر بێت، كە سەرەتا لەو‌ گەڕەكانەوە دەست پێدەكرێت كە لە كۆمەڵگادا پێیان دەگوترێت دەستڕۆیشتوو، بێگومان كۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەكان و دواتریش تەواوی گەڕەك و قەزا و ناحییەكان دەگرێتەوە."

پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: "1ـی5ـی2020 دوامۆڵەتە بۆ هەموو ئەو مۆلیدانەی نەیانكردووەتە مۆلیدەی بێدەنگ، بۆیە پێویستە تا ئەو رێكەوتە بیكەنە بێدەنگ، ئەگینا دەرگای پارێزگا كراوەیە و خەڵكێكی ئێجگار زۆر ناوی خۆیان تۆمار كردووە كە مۆلیدەی بێدەنگ و بەفلتەر دابنێن، بۆیە لە هەر حاڵەتێك هەر خاوەن مۆلیدەیەك ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەكرد، ئەوا ئەو كەسانەی ناویان تۆمار كردووە، پڕۆژەكە دەدەین بەو كەسانە و مۆلیدەی بێدەنگ لە شوێنیان دادەنرێت".

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار