پێکھاتەکان لەدەشتی نەینەوا لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدان

دەشتی نەینەوا-KDP.info- نوێنەرێكى پێشووی شەبەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدهگهیهنێت، پێکھاتەکان لەدەشتی نەینەوا لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدان و حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ئیدارەی ناوچەکە و ھەمووشتێکدا گرتووە، دهشڵێ، خەڵکی ئێمە زۆرلێیان بێزار بوونە.
سالم جومعە شەبەک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگهیاند:" دەشتی نەینەوا لەرووی ئەمنیهوه زۆر خراپە و بارودۆخهكهش ئاڵۆز بووە، ههروهها پێکھاتەکان لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدان و حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ھەموو شتێکدا گرتووە و مامەڵەی ھاووڵاتیانیش تا لەلای ئەوان پەسەند نەکرێت لە فەرمانگەکان رێگا بە جێبەجێ کردنی نادرێت، هاوكات پەسەندکردنیش بە پارە دەکەن، بۆیه خەڵکی ئێمە زۆر لێیان بێزار بوونە."

شەبەک گوتیشی: "حەشدی شەعبی دەستیان بە گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا کردووە و زوڵم و ستەم لە پێکھاتەکانی ئەو ناوچەیە دەکەن، ههروهها ماڵ و موڵکیان دەست بەسەردا دەگرن و زەویەکانیان دەفرۆشن، بە تایبەت لە تلکێف و بەرتلە و باشیک، ھەر خێزانێکی باشوور و ناوەڕاستیش بێت دەتوانێت زەوی بکرێت و خانوو دروست بکات، یاخود نیشتەجێ بێت."
ئەو نوێنەرەی پێشووی شەبەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێ :" ئەگەر بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق جێبەجێ بکرێت ئەوا ناوچەکانمان جارێکی تر لەلایەن تیرۆرستانی داعش دەستی بەسەردا دەگیرێت، چونکە ناوبراو پێی وایه، بە حەشدی شەعبی ناپارێزرێت، بۆیە داوادەکەن ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و ھێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنهوە و بەھەماھەنگی لەگەڵ سوپا و پۆلیس ناوچەکانیان بپارێزن."
نەشوان بەرزنجی




