٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەقید ھێمن ساڵح: پێشمەرگە بەردەوامە لە مەشق و ڕاھێنان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- فەرماندەیەکی پێشمەرگە ڕەتی کردەوە بڕیاری ھاوپەیمانان بۆ ڕاگرتنی مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانیان کاریگەریی ھەبێت و دەڵێ، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاھێنەری پێ گەیاندووە و ھاوپەیمانان تەنیا ڕێنمایی دەردەکەن. ئاشکرایشی کرد، فڕۆکەی ھاوپەیمانان نەبێت داعش بۆ سەر عێراق مەترسییە.

عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی لیوای ٢ی پیادە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە ئەمەریکا بڕیاری داوە مەشق و ڕاھێنان بە ھێزە عێراقییەکان ڕاگرێت، بەڵام خۆی بڕیار بوو ئەمساڵ ھەر بڕیارەکە بدرێت، چونکە ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە کەسانی شارەزامان ھەن بۆ ئەوەی مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە بکەن و بڕیارەکە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر ھێزەکانی پێشمەرگە نابێت، تەنیا ئەمەریکا چاودێری مەشق و ڕاھێنان دەکات و ڕێنمایی دەردەکات."

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "بەپێچەوانەوە بۆ ھێزە عێراقییەکان کاریگەریی دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەوان نەیانتوانی مامۆستای مەشق و ڕاھێنان ئامادە بکەن، پێشمەرگە ئێستا ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ مەشقی سەربازی هەیە."

لەبارەی کاریگەریی ھاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، عەقید ھێمن ساڵح، جەختی کردەوە: "ھاوپەیمانان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە، بێگومان کاریگەریی خۆیان ھەیە و، ھەندێ ناوچە ھێزی عێراقیی تێدا نییە و بەردەوام فڕۆکەی ھاوپەیمانان ڕێگە لە جووڵەی چەکدارانی داعش دەگرن و دەکرێنە ئامانج، ئێستا کە ھاوپەیمانان فڕۆکەکانیان ڕاگرن، سوپای عێراق لە توانایدا نییە ھەموو شوێنێک کۆنتڕۆڵ بکات."

عەقید ھێمن زیاتر گوتی: "ھەندێ ناوچەی دەشتایی و سنووری ھەن، جووڵەی داعش تێیاندا بەھێزە و ئەگەر ترسی فڕۆکەی ھاوپەیمانان نەبێت لەو ناوچانە داعش گەشەی زیاتر دەکات و مەترسی پەیدا دەبێت و، دوور نییە جارێکی دیکە وەک ساڵی ٢٠١٤ کارەسات ڕوو بدات."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار