٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە ئامادەبوونی نوێنەری حکوومەتی هەرێم لیژنەی نیشتمانی بۆ لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یۆنیتاد) کۆ بووەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info-  ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی 18/12/2019، کۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی نیشتمانیی تایبەت بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یۆنیتاد) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا ئەمنی و ئیدارییە پەیوەندیدارەکان و (کەریم ئەحمەد ئەسعەد خان) سەرۆکی تیمی ناوبراو بەسترا.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە لیژنەی نیشتمانی تایبەت بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یۆنیتاد) گوتی: تیمەکە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (2379)ی ساڵی 2017 بە سەرۆکایەتیی کەریم ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە، بە مەبەستی بەدیکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، تیمی ناوبراو لە 107 پسپۆڕ و شارەزای نێودەوڵەتی پێک هاتووە و دەستی بە کارەکانی کردووە. لە لایەکی دیکەوە، بڕیار وایە تیمێکی لێکۆڵەرانی عێراقی دابمەزرێت بۆ یارمەتیدانی (یۆنیتاد) لە کارەکانی لێکۆڵینەوە و لەسەر ئاستی حکوومەتی هەرێمیش لیژنەی لاوەکی دامەزراوە، دوای دەستنیشانکردنی لیژنەی هەماهەنگی نیشتمانی بۆ مەبەستی پاڵپشتی لە ئەرکەکانی تیمی یۆنیتاد بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵی و کارا.

لە لایەکی دیکەوە، دیندار زێباری تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم لەم ڕووەوە و گوتی: حکوومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی دەستی داعش وەک پێشوازیکردن و حەواندنەوە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی عێراق بەتایبەتی ئێزدییەکان، کە ڕووبەڕووی ڕەفتاری نامرۆڤانە بوونەتەوە، لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش و لەم ڕووەوە چەند لیژنەیەکی داناوە، لەوانە لیژنەیەکی تایبەتی لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە ڕێکەوتی 25/11/2014 بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ئەو کەسانەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێنردراون، بە مەبەستی ئازادکردنیان و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆیان و دووبارە شیاندنەوەیان و لەم ڕووەوە تا ڕێکەوتی 10/12/2019 ژمارەی ڕزگارکراوەکان بریتی بوون لە (3528) کەس، لەوانە (1199)ئافرەت، (339) پیاو، (1040) منداڵی کچ، (950) منداڵی کوڕ و تا ئێستاش  (2889)یان ئازاد نەکراون، لەوانە (1309) مێ، (1580) نێر، هەروەها زیاتر لە (2000) ڕزگاربووی دیکە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەرکردن بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان حکوومەتی ئەڵمانیا و حکوومەتی هەرێم.

لە کۆتاییدا دیندار زێباری، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە لیژنەی نیشتمانیی تایبەت بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یۆنیتاد) ئاماژەی بە لایەنی یاسایی بۆ یارمەتیدانی قوربانیان داعش دا و گوتی: لە ڕووی یاساییەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی زۆری ڕزگاركراوانی دەستی داعشی كردووە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری (٥١٧٠)ی لە ڕۆژی 2014/8/21 بۆ پێکهێنانی سەنتەری لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، هەروەها دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە چارەسەرکردن و لیژنەیەکی تایبەت بە دیکیۆمنتکردنی تاوانەکانی داعش دامەزراوە و تا ئێستا (٢٦٠٠) کەیسی ڕفێندراوانی ئێزدی، کریستیان، شەبەک و تورکمان تەواو بووە و زیاتر لە (٣٠٠٠) کەیس لە لێکۆڵینەوەدایە و لە ڕووی دەروونی و یاساییەوە (١٢٧٨) ئافرەت لە سەنتەری ڕاوێژکاری پارێزگای دهۆک چارەسەر کراون، بۆیە پێویستە تیمی یۆنیتاد ئەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێم لەبەرچاو بگرێت و سوود لەو داتایانە وەربگرێت لە ئەنجامدانی کارەکانیان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار