دهۆك.. دەست بە ئەندەرپاسی سێیەمیش دەكرێت

دهۆك-KDP.info- بە مەبەستی كەمكردنەوەی جەنجاڵیی شەقامەكانی شاری دهۆك، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێنج ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس لە سەنتەری شارەكە دروست دەكات، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسیش رایدەگەیەنێت: "كاركردن لە پڕۆژەكەدا بەردەوامە و لەم دوو رۆژەدا دەست بە قۆناغی ئەندەرپاسی سێیەمیش دەكەین". دەشڵێ: "بەڵێنمان داوە كارەكان بەر لە وادەی خۆی تەواو بكەین".
ئەندازیار كانیوار جوبرائیل محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی ئێمە پاكێجێكە بە گوژمەی نزیكەی 74 ملیار دیناری عێراقی دروست دەكرێت، كە لە پێنج پڕۆژە پێك دێت و لە ماوەی چوار مانگدا دوو پڕۆژەمان تەواو كردوون، یەكەمیان پڕۆژەی شەقامێكی كەمەری بوو لە گەڕەكی نزاركێ بە گوژمەی 2 ملیار دینار، پڕۆژەی دووەمیش شەقامێكی خزمەتگوزاری بوو لە نزیك شەقامی سەرەكیی بارزان 3 كم و نیو بوو بە گوژمەی 2 ملیار و 500 ملیۆن دیناری عێراقی، هەروەها پڕۆژەی سێیەمیش دروستكردنی ئەندەرپاسێكە بە گوژمەی نزیكەی 19 ملیار دینار لە نزیك فەرماندەیی دهۆك و نزیكەی 64 لەسەدی پڕۆژەكە تەواو بووە، ئەگەر كەشوهەواش گونجاو بێت، ئەوا لە ماوەی یەك بۆ دوو مانگدا ئەویش تەواو دەكەین".
ئەو سەرپەرشتیارەی پڕۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی پارێزگای دهۆك ڕاشیگەیاند: "یەك ئەندەرپاسی تر لە پڕۆژەكەماندا ماوە و تێیدا دەستمان بە كار نەكردووە لە نزیك تەلەڤزیۆنی دهۆكە، كە لەم دوو ڕۆژەدا لەوێش دەست بە كار دەكەین و ئەوەی تریش ئۆڤەرپاسە لە نزیك قوتابخانەی سەفینە لە نزیك شەقامی سەرەكی و لە ساڵی داهاتوودا كاتی وەرزی كار، بەر لەگەیشتن بە زستان تەواوی دەكەین".
كانیوار گوتیشی: "ماوەی تەواوی پڕۆژەكەمان 960 رۆژە، واتا دوو ساڵ و هەشت مانگ، كارەكانمان بەردەوامە و هەرچەندە كاری دروستكردنی شەقام لە وەرزی زستان و بارانبارین بە گوێرەی پرۆگرام بەڕێوە ناچێت، بەڵام بەڵێنمان داوە لە كۆمپانیا كە ئەو پڕۆژەیە لە ماوەیەكی كەمتر لە كاتی دەستنیشانكراو تەواو بكەین."
نەشوان بەرزنجی




