٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەهاب بۆ KDP: ناوەرۆكی كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە ئاشكرا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە، ڕاوێژكارێكی سەرۆكی هەرێمیش دەڵێت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، یەكەمین كۆبوونەوەیە كە دەربارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی ئەنجام دەدرێت و چەندین پرسی دیكەش گفتوگۆ دەكرێن.

پەرلەمانی كوردستان، هەنگاوی یەكەمی ڕێكارە یاساییەكانی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازیی كۆتایی پێ هێنا و پڕۆژەیاساكە بە دەنگی 85 پەرلەمانتار سیفەتی بەپەلەی پێ درا، سەرۆكی پەرلەمانیش ئاراستەی شەش لیژنەی تایبەتمەندی كرد و دەبێت لە 7 رۆژدا، راپۆرتی هاوبەشی لەسەر ئامادە بكەن.

پەیوەست بەم پرسە، دڵشاد شەهاب، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پاش كەمێكی تر كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە دەست پێدەكات، كە یەكەمین كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە دەربارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، كە بڕیار دراوە ئەم كۆبوونەوانە لە كاتی پێویستدا ئەنجام بدرێن بۆ ئامادەكاریی هەر بڕیارێك كە لە هەر بارودۆخێكدا ڕوو بدات."

شەهاب گوتیشی: "ئەم كۆبوونەوەیە، لە چوارچێوەی ئەم كۆبوونەوانەدایە كە كۆمەڵێك بڕگە و بابەت لە خۆ دەگرێت، كە زۆرترینی هەڵوەستەكردنە لەسەر ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق بە گشتی پێیدا تێپەڕ دەبێت و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و چۆنیەتیی یەكدەنگیی ئەندامان و نوێنەرانی گەلی كوردستان لە  ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو پرس و بابەتە ناوخۆییانەی كە پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتیان و یەكخستنی تواناكان بۆ زامنكردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە ئایندەی عێراقدا، كە یەكێكیان مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020ـدا، ئەمانەش پرسگەلێكن خراونەتە بەرنامەی كار و بە دڵنیاییەوە پرسی تریش هەن كە گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت."

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار