٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ شاندی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش کۆ بووەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١١/١٢/٢٠١٩، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە شاندی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش کرد.

لە دیدارێکدا، کە عەمید ڕوکن، هەژار عومەر، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوو، شاندی میوان مەبەستی سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان ڕوون کردەوە، کە تایبەت بوو بە وەرگرتنی بۆچوونی پەرلەمان لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و یەکخستەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە .

لە بەرانبەردا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێرای بەخێرهاتنی شاندی میوان، سوپاسی هێزەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد، کە پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە لە ماوەی جەنگی دژ بە داعش، کە بە خوێن و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە و بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان توانرا ئەفسانەی داعش تێک بشکێندرێت، هاوکات سوپاسی کردن بۆ پاڵپشتیکردنیان بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

لە لایەکی ترەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری شاندی میوان ڕایگەیاند، پاڵپشت بە کارنامەی حکوومەتی هەرێم کە پەرلەمانی کوردستان دەنگی پێ داوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە گشت سێکتەرەکان، لە ناویشیاندا وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بە وردیش چاودێری و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانە دەکات، ئەمەش یەکێک بووە لە خاڵە هاوبەشەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرجەم پارتەکانی کوردستان.

لە کۆتاییی دیدارەکەدا هەردوولا بەوردی باسیان لە مەترسیەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش کرد، کە ئێستا لە زۆربەی ناوچەکاندا بەڕوونی جموجووڵەکانیان هەستی پێ دەکرێت و بە پێویستیان زانی کە ڕێیان لێ بگیرێت و بە تەواوی لەناو ببرێن.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار