٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد ئەمین فارس: مەرجی كورد بۆ سەرۆكوەزیرانی داھاتوو جێبەجێكردنی دەستوورە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لایەنە عێراقییەكان سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدێكن بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران و پەرلەمانتارێكیش ئاشكرای كرد، كێ دەبێتە سەرۆكوەزیر بۆ كورد كێشە نییە، بەڵام مەرجی كورد بۆ سەرۆكوەزیرانی داھاتوو، جێبەجێكردنی دەستوورە.

محەمەد ئەمین فارس، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دانوستانەكان بەردەوامن بۆ دیاریكردنی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ بۆ عێراق، بەڵام تا ئێستا ناوی ھیچ كەسێك یەكلا نەبووەتەوە وەك كاندیدی سەرۆكوەزیرانی داھاتووی عێراق، بە گوێرەی دەستووریش ماوەكەی دیارە، كە پێویستە لە ماوەی ١٥ رۆژدا سەرۆكوەزیران دیاری بكرێت".

پەرلەمانتارەكەی پارتی دەشڵێت: "پۆستی سەرۆكوەزیران لە عێراق بووەتە عورفێك لە پێكھاتەی شیعەیە، ھەرچەندە ئەمە لە دەستوور و یاسادا نەھاتووە، بەڵام پێویستە رەزامەندیی لایەنەكانیشی لەسەر بێت ئەو كەسەی دیاری دەكرێت بۆ سەرۆكوەزیران، لەوانەش پێكھاتەی كورد لە عێراق".

پەیوەست بە مەرجی كورد بۆ سەرۆكوەزیرانی داھاتوو، فارس جەختی كردەوە: "كورد تەنھا مەرجی ئەوەیە بۆ ھەر كەسێك دەبێتە سەرۆكوەزیران پابەندی دەستووری عێراق بێت، واتە ھەر كەسێك ببێتە سەرۆكوەزیران بۆ ئێمە وەك كورد كێشە نییە، بەڵام بڕگە و ماددەكانی دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكات، واتە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان دەنگ بەو سەرۆكوەزیرە دەدەن باوەڕی بە مافە دەستووری و یاساییەكانی ھەرێمی كوردستان هەبێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار