لیژنەی دارایی: پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەدا زیاتر لە 10 ترلیۆن دینارە
__2019_12_07_h14m40s36__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەركاتێك پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان ڕەوانە بكرێت، هەموو هەوڵێك دەدەن ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا وەكو خۆی پەسەند بكرێت. دەشڵێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی داهاتوودا، زیاتر لە 10 ترلیۆن دینارە.
د. ئەحمەد سەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق نزیكەی 162 ترلیۆن خەرجییە، داهات 114 ترلیۆن دینارە و كورتهێنانیش 48 ترلیۆن دینارە."
سەفار گوتیشی: "پشكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار دەبێت، جگە لەوەش، پشكی هەرێم لە بودجەی حاكیمە و سیادی و بووژاندنەوەی هەرێمەكان و بودجەی پێشمەرگە و پیترۆدۆلاریش ڕەوانە دەكرێت."
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئەوەی لای ئێمە گرنگە و هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە، بودجە لە لیژنەی دارایی، وەكو خۆی ڕەوانە بكەین بۆ پەرلەمان و لەوێش وەكو خۆی پەسەند بكرێت، چونكە ئەوە گرنگە، كە دەستكاری نەكرێت".
بڵند ئیبراهیم




