عەمید ئیدریس رەفعەت: ٢٦ ھەزار خێزانی عەرەب ھاوردەی كەركووك كراون
__2019_12_07_h12m27s23__BA.jpg)
كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك، ئاماری نوێ لەبارەی ھاوردەكردنی عەرەبی شۆڤێنی بۆ كەركووك و دەوروبەری ئاشكرا دەكات و دەڵێ، ئەو عەرەبە ھاوردانە كارتی زانیارییان پێ دراوە و جگە لە عەرەباندن، بەشیعەكردنیش دەستی پێكردووە.
عەمید ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆسەی بەعەرەبكردنی كەركووك درێژەی ھەیە و بەردەوامیش عەرەبی شۆڤێنی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ھاوردەی كەركووك دەكرێن، بەپێی ئاماری بەردەستی ئێمە، دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ٢٦ ھەزار خێزانی عەرەب ھاوردەی كەركووك كراون".
بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك گوتیشی: "چوار ھەزار لەو خێزانە ھاوردانە لە ناوچەكانی باشووری عێراقەوە ھاوردەی كەركووك كراون، جگە لە پڕۆسەی عەرەباندن و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە، ئێستا پڕۆسەی بەشیعەكردنی كەركووكیش دەستی پێكردووە".
عەمید ئیدریس ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھاوردەكردنی ئەو ھەزاران خێزانە عەرەبە لە كاتێكدایە، كە كارتی زانیارییان بۆ دروست دەكرێت لەسەر كەركووك، كەچی بە گوێرەی دەستووری عێراق، كەركووك ناوچەیەكی كێشەلەسەرە و تا یەكلاكردنەوەی چارەنووسەكەی نابێت دەستكاری بكرێت، بە تایبەتی ھاوردەكردنی خەڵكی دەرەوەی كەركووك و پێدانی كارتی زانیاری".
قائید میرۆ




