“بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە کراوە کە بەنایاسایی لە سووریا هاتووەتە هەرێم”

هەولێر-KDP.info- نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تۆمەتی رێکخراوی پاراستنی رۆژنامەنووسان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس خەلابیل بنیامین رەتدەکاتەوە و، زانیاری رادەگەیەنێ کە ئەو رۆژنامەنووسە بەشێوەیەکی نا یاسایی لە سووریا هاتووەتە هەرێمی کوردستان.
لیژنەى پاراستنی ڕوژنامەنووسان (CPJ) لە ویبسایتی خوى ڕاپورتێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا باس لە دەستگیرکردنی ڕوژنامەنووسێک بە ناوی (ولیەم بنیامین ئادەم) دەکات، کە ناسراوە بە خەلابیل بنیامین. راپورتەکە هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبار دەکات بەوەى، کە ناوبراویان دەستگیرکردووه، پاش گەڕانەوەى لە ئەنجامدانی کاری رۆژنامەوانی لە باکووری روژهەڵاتی سووریا. نووسینگەى رێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم، روونکردنەوەیدا، کە ئەو تۆمەتانەی لە راپۆرتی لیژنەی ناوبراودا هاتوون، رەت دەکاتەوە و راشیدەگەیەنێت، کە ناوبراو بە شێوەی فەرمیی لە سنوور نەپەڕیووەتەوە، هاوکات بە مەبەستی کاری رۆژنامەوانیش سەردانی سووریای نەکردووە.
ئەمەش دەقی روونکردنەوەی نووسینگەی رێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان:
لیژنەى پاراستنی ڕوژنامەنووسان (CPJ) لە ویبسایتی خوى ڕاپورتێکی بڵاوکردەوە دەربارەی دەستگیرکردنی ڕوژنامەنووسێک بە ناوی (ولیەم بنیامین ئادەم) دەکات کە ناسراوە بە (خەلابیل بنیامین) لە کاتی ئەنجامدانی کاری رۆژنامەوانی لە باکوری روژهەڵاتی سووریا و، ئەشکەنجەدانی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە.
لیژنەکە لە راپۆرتەکەیدا داوای روونکردنەوەی بە پەلە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە تەنیا ماوەکە یەک رۆژە، واتە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەیان، بێ ئەوەی لە هۆکار و وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسی ناوبراو وردببنەوە و، چاوەڕێی وەڵامی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بن.
ڕوژنامەنووس (خەلابیل بنیامین) دەستگیر کراوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پاش ئەوەى کە بەشێوەیەکی نا یاسایی دەربازى سنووری هەرێمی کوردستان دەبێت لە نێوان سووریا و عێراق. دوای دەستگیرکردنی کەیسەکەى پێشکەش بە دادگای دهۆک کراوە بەپێی فەرمانی یاسایی ماددەى ١٧ لە یاسای پاسپۆرتی عێراقی. دواتر ناوبراو لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە کەفالە ئازاد کراوە، بەڵام کەیسەکەى لە دادگا بەردەوامە. دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، کەیسەکە مەبەستی چوونی ناوبراو بۆ وڵاتی سووریا کاری رۆرژنامەنووسی نەبووە، بەڵکو بەمەبەستی گەیاندنی بڕی پارەک بووە بۆ کەسێک بە ناوى (فادی صابر)، کە دانیشتووی ناوچەى تەل تەمیره لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. هەروەها نووسراو و بەڵگەنامەی فەرمی پەڕینەوەی سنووری سوریای نەبووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری دەکات بۆ تیمەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان، بۆ ئەنجامدانی کاری رۆژنامەوانی، ئەمەش بەپێی چەند رێوشوێنێکی دیاریکراو، وەک نووسراوی فەرمی بۆ رێگەپێدان. ئەم رێوشوێنانەی کە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم پەیڕەوی دەکەن، ئاساییە و لە هەموو وڵاتان پەیڕەو دەکرێ.
دوای دەستگیرکردنی ناوبراو لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ ناوبراو کردووە و، وەک هەر دەستگیرکراوێک گشت مافە یاساییەکانیان پێی راگەیاندووە و، بەهیچ شێوەیەک رووبەڕووی ئەشکەنجەدان و هەڵسوکەوتی نەشیاو نەبۆتەوە.
نوسینگەى رێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم




