د. محەمەد خورشید: داعش لە کەرکووک مەترسیی ناوەتەوە

کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ سێ تەقینەوە شاری کەرکووکیان ھەژاند و بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێی وایە، ڕەوشی ئاڵۆزی عێراق کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئەمنی و زیادبوونی جووڵەی داعش لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی عێراق ھەیە.
دکتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق، بەداخەوە نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵیان بکەن، دەمێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جووڵەی داعش دەستی پێ کردووە و چەندین جاریش ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەبارەی جووڵەی داعشەوە ھۆشداریی داوەتە عێراق، بەڵام بەداخەوە ئەوان گوێیان بەو ھۆشداریانە نەدا، ھەروەک چۆن گوێیان لە خەڵکی خۆشیان نەگرت."
بەرپرسی لقی سێ گوتیشی: "شەوی ڕابردوو لە ناحیە کوڵەجۆ کردەوی تیرۆریستی دژی ھێزەکانی ئاسایش ھەبووە، ئەمڕۆش (٣٠-١١-٢٠١٩) لەنێو کەرکووک سێ کردەوەی تیرۆریستی جێبەجێ کران و ژمارەیەک ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی."
دکتۆر محەمەد خورشید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕەوشی ئێستای عێراق کاریگەریی لەسەر زیادبوونی جووڵەی داعش لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش ھەیە، پێشبینی دەکرێت ڕەوشی ئەمنی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بچێت، چونکە ھێزەکانی عێراق توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشیان نییە."
قائید میرۆ




