رۆژبەیانی: لە ئەگەری پەیدابوونی بۆشایی، كار بە بڕیارێكی پەرلەمان بۆ ناوچە كوردستانییەكان دەكەین

هەولێر-KDP.info- دوای بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، رەوشی بەشێك لە ناوچەكانی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانیش ئاشكرای كرد، ئەگەر بۆشایی ئیداری پەیدا بێت لە ناوچە كوردستانییەكان، كار بە بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان دەكەین.
جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەك پەرلەمانی كوردستان بە وردی چاودێریی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین، بە تایبەتی دەبینین لە ئێستادا رەوشی عێراق بە گشتی و ئەو ناوچانەش لە ئاڵۆزیدایە".
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان گوتیشی: "پێشتر بڕیاری ٥٦ی پەرلەمانی كوردستان ھەبوو لەبارەی ھەبوونی بۆشایی ئیداری و دەسەڵات لە ناوچە كوردستانییەكان، ئەگەر بزانین رەوشی عێراق بگاتە ئاستێك فەوزا لەو ناوچانە پەیدا ببێت، ئەوا پەرلەمان دەتوانێت كار بەو بڕیارەی خۆی بكات".
جوان رۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان پێشتریش داوامان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە بۆ كاراكردنی بڕیاری ژمارە ٥٦ بۆ چارەسەركردنی كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچە كوردستانییەكان".
قائید میرۆ




