تاڵەبانی: هەر كارێك دژی كەركووك بكرێت پێویستە پەرلەمانتاران لەسەری بێنە وەڵام

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك گوتی، لە دادگای فیدراڵی لە دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان سكاڵامان تۆمار كردووە و چاوەڕێی وەڵامی دادگاین، سەرۆكی لیژنەی یاساییش دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی بە یاساش ئەنجومەنەكان هەڵوەشێندراونەتەوە، بەڵام پێچەوانەی دەستوورە.
پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی بە یاسا ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوە، پێویست بوو ئەندامەكانی پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق سەرپەرشتیی پارێزگاكان بكەن، بەڵام بەپێی مادەی 122ی دەستووری عێراق، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگاكان بمێنن، چونكە عێراق وڵاتێكی فیدراڵی و خاوەن پەرلەمانە.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆمار كردووە لە دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان و چاوەڕێ دەكەین وەڵاممان بدەنەوە، بۆیە هێشتا وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە، چونكە ئێستا هەر كارێك دژی كەركووك بكرێت پێویستە پەرلەمانتار لەسەری بێنە وەڵام وەكو ئەو تەعریبە چڕەی لە سنووری كەركووك دەستی پێكردووە".
لای خۆشیەوە، رێبوار هادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمان بەیاساش ئەنجومەنەكانی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام ئەو بڕیار و یاسایە دژی دەستووری عێراقە، چونكە بەپێی دەستوور نابێت ئەنجومەنەكان هەڵوەشێندرێنەوە.
بڵند ئیبراهیم




