فراكسیۆنی پارتی: تاوەكو ئێستا هەڵوێستی خۆمان ڕانەگەیاندووە

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەسەر داوای مەرجەعیەت دەستی لە كار كێشاوەتەوە و دەشڵێ: "ئێمە لە كاتی خۆیدا هەڵوێستمان دەبێت". پەرلەمانتارێكیش رایدەگەیەنێت، بڕیارە سبەی پەرلەمان دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران بخاتە بەرنامەی كارەوە و سوننە و شیعەش رێككەوتوون كە دەستلەكاركێشانەوەكە پەسەند بكەن.
د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەسەر داوای مەرجەعیەتی شیعەكان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی پەرلەمان كردووە و پەرلەمانیش بڕیاری لەسەر دەدات، كە قبوڵی دەكەن یاخود ڕەتی دەكەنەوە.
سەبری گوتیشی: "تاوەكو ئێستا هەڵوێستی خۆمان ڕانەگەیاندووە و لەكاتی خۆیدا ئێمەش هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین".
لای خۆشیەوە، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی گوتی، بڕیارە سبەی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بخرێتە بەرنامەی كارەوە و سوننە و شیعەش رێككەوتوون كە ئەو دەستلەكاركێشانەوەیە قبوڵ بكەن.
دوێنی سەرۆكوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران كرد.
بڵند ئیبراهیم




