٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن: ھەڵوێستی بەغدا دەربارەی ناوچە کوردستانییەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، دوای سەردانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی حکوومەتی عێراقدا ھاتووە و دەشڵێت، ئەگەر لەبارەی بودجە و نەوتەوە بگەنە ڕێککەوتن، کاریگەریی لەسەر ڕێککەوتن دەربارەی ناوچە کوردستانییەکانیش دەبێت.

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دانوستانەکانەکانی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک کۆتایییان نەھاتووە، بەڵکو بەھۆی خۆپێشاندانەکانی عێراقەوە دوا کەوتوون، دوای سەردانی ھەریەک لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەبارەت بە پرسی ناوچە کوردستانییەکان گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی حکوومەتی عێراقدا ھاتووە."

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "دانوستانەکان نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوامن، ئەگەر لەبارەی بودجە و نەوتەوە ھەردوو حکوومەت بگەنە ڕێککەوتن، ئەوە کاریگەریی خۆی دەبێت کە لەسەر پرسەکانی دیکەش بگەنە ڕێککەوتن، لەوانەش ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان."

دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەگەڵ ئاساییبوونەوەی ڕەوشی ئێستای عێراق دانوستانەکان لەبارەی ڕەوشی کەرکووک و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان دەست پێ دەکاتەوە و ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە وەک پێشتر ئاسایی بکرێتەوە و کۆنتڕۆڵی ڕەوشی ئەمنی بکرێت."
قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار