خالیدە خەلیل: داوای کورسیی کۆتامان بۆ ئێزدییەکانی دھۆک کردووە

دهۆک-KDP.info-کوردانی ئێزدی داوای زیادکردنی کورسیی کۆتا دەکەن و نوێنەرێکی کوردی ئێزدیش لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پەرلەمانتارانی عێراق پشتیوانیمان دەکەن بۆ ئەوەی کورسیەکی دیکەی کۆتا بۆ ئێزدییەکانی دھۆک دیاری بکرێت.
خالیدە خەلیل، نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا کوردانی ئێزدی تەنیا یەک کورسیی کۆتایان لە پەرلەمانی عێراق ھەیە، بەڵام ئەوە بە گوێرەی ڕێژەی کوردانی ئێزدی و خواستی ئێزدییەکانیش نییە، چونکە قەبارەی پێکھاتەی ئێزدی زۆر لەوە زیاترە و پێویستە کورسیی دیکەشمان بۆ دابین بکرێت."
نوێنەرەکەی ئێزدی دەڵێت: "ئێمە ھەڵمەتێکمان دەست پێ کردووە بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا و تا ئێستا ٦٨ ئیمزای پەرلەمانتاران کۆ کراونەتەوە بۆ ئەوەی کورسییەکی دیکەی کۆتا بۆ کوردانی ئێزدی زیاد بکرێت و زۆرێک لە پەرلەمانتارانیش بەڵێنی پشتگیرییان پێ داوین."
خەلیل جەختی کردەوە، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق پشتگیریی خواستی ئێمە دەکەن و گوتی: "داواکاریی کوردانی ئێزدی و ئیمزای پەرلەمانتارانمان پێشکەشی لیژنەی یاسایی کردووە، تا کورسییەکی کۆتا بۆ ئێزدییەکانی سنووری پارێزگای دھۆک زیاد بکرێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی ئێزدی دەکەونە سنوری دھۆک و مافی یاساییی ئەوانە نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی عێراق ھەبێت."
قائید میرۆ




