فارس عیسا بۆ KDP: یەكشەممەی داهاتوو هەرێم و بەغدا رێككەوتنی كۆتایی واژۆ دەكەن

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو هەرێم و بەغدا رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی بودجەوە واژۆ دەكەن، دواتریش لیژنەی هاوبەشی هەرێم و بەغدا رێككەوتنەكە لە بودجەدا جێگیر دەكەن و سیاغەی دەكەن و دەیدەنە ئەنجومەنی وەزیران، ئەوانیش هەر هەفتەی داهاتوو بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكەن بۆ پەسەندكردن.
فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە واژۆ بكەن، كە دواتر لیژنەی هاوبەشی حكوومەتی هەرێم و بەغدا رێككەوتنەكە لەناو بودجە جێگیر بكەن و سیاغەی بودجە دەكرێت و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و رەوانەی پەرلەمانی دەكەن.
عیسا گوتیشی، بڕیارە دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، هەمان هەفتە رەوانەی پەرلەمان بكرێت بۆ پەسەندكردن.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەمجارە ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بە رێژە نابێت و مانگانە نزیكەی ترلیۆنێك دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكەن. دەشڵێ: "هەوڵ دەدەین كە لە بودجەی سیادی و حاكیمەش پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت و هەرێمی كوردستانیش رۆژانە 250هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكات".
بڵند ئیبراهیم




