هێمن هەورامی و گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونەوە

ئەڵمانیا-KDP.info- لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، هێمن هەورامی، جێگری سەروكی پەرلەمانی كوردستان، بە یاوەریی دڵشاد بارزانی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا، سەردانی پەرلەمانتار و گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوە لە گرووپی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی ئازاد (بیژان دژیر سارای) كرد.
لە دیدارێكدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كرا، بە تایبەت پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی ئەلمانیا، لای خۆیەوە هێمن هەورامی، جێگری سەروكی پەرلەمانی كوردستان، كورتەیەكی سەبارەت بە رەوشی هەرێمی كوردستان خستە ڕوو و داوای كرد ئەڵمانیا هاوكاریی زیاتری هەرێم بكات لە رووی هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران و بەردەوام بێت لە هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لە بەرامبەردا، بیژان (دژیر سارای) پەرلەمانتار و گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوە لە گرووپی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی ئازاد رایگەیاند: "ئێمە ئاگاداری ئەو پێشكەوتنانەین، كە هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كولتووریدا بەدەستی هێناوە".
ناوبراو هەروەها باسی پێگەی گرنگی هەرێمی كوردستانیكرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی لە رووی ئەو پێكەوەژیانەی نێوان سەرجەم پێكهاتە و نەتەوەكان كە لە كوردستاندا هەن.
هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا داوایان كرد كە هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان گرووپی دوستایەتیی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی ئەڵمانیا هەبێت و ئەم جورە دیدارانە بەردەوامییان هەبێت.




