د. دلاوەر ئاژگەیی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی گێنت لە بەلجیکا کۆ بووەوە

بەلجیکا -KDP.info- لە بەردەوامیی هەوڵەکانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ ڕێکخستنی هەماهەنگی و پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ئەورووپادا، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەت سەردانی زانکۆی گێنت لە بەلجیکای کرد و لەگەڵ پڕۆفیسۆر ڤان دێر واڵ، سەرۆکی زانکۆی ناوبراو کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، د. دلاوەر ئاژگەیی و پڕۆفیسۆر ڤان دێر واڵ تاوتوێی هەل و دەرفەتەکانیان کرد بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆی گێنت و زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا. هەروەها بە وردی باسیان لەو بەش و فاکەڵتیانە کرد، کە دەکرێت هاوکاریی دوولایەنیان لە نێواندا هەبێت.
د. دلاوەر ئاژگەیی، دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرجەم دامەزراوە ئەهلی و حکوومییەکان لە دەرەوە دەکات، تاکو بێن و کار و چالاکیی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن و داوای لە زانکۆی ناوبراو کرد یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدات لە ڕەخساندنی دەرفەت بە قوتابیان تاکو سوودمەند بن لە پڕۆگرام و خولی زانستی و ئەکادیمی، کە ساڵانە زانکۆی گێنت لە ڕێگەی پرۆژەی جیاواز و بێبەرامبەرەوە دەیبەخشێت.
لە کۆتاییدا، هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی شاندێک لە زانکۆکانی کوردستان ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی سەردانی بەلجیکا بکەن و لە نزیکەوە گفتوگۆ لەبارەی ووردەکارییەکانەوە بکەن.
هۆزان




