شاندی پارتی لەگەڵ پارتی گەلی ھۆڵەندا كۆبووەوە

ھۆڵەندا-KDP.info- لە ڕۆژی دووەمی سەردانەكەیاندا بۆ ھۆڵەندا، شاندی پارتی لە پەرلەمانی ھۆڵەندا لە لاھای لەگەڵ سێون كوپمانس، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی فراكسیۆنی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموكراسی كۆبووەوە.
ھۆڵەندا، ھەر لە ساڵی ١٩٩١ـەوە ھاوكاریی راستەوخۆی ھەرێمی كودستانی كردووە و لە جەنگی دژی داعشیشدا رۆڵی بەرچاوی ھەبووە، بە تایبەتی لە بواری مەشقپێكردنی ھێزی پێشمەرگە و پێكھێنانی سوپایەكی یەكگرتوو. لە بواری ئابووری و ھاوكاریكردنی جووتیارانیش، ھاوكاریی باشیان كردووە، تا ئێستاش وەزیری دەرەوە و بەرگری چەند جارێك ھاتوونەتە كوردستان و سەرۆكوەزیران مارك ڕۆتە، ساڵی ٢٠١٦ سەردانی كوردستانی كردووە و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی ھەرێمیش، ساڵی ٢٠١٨ سەردانی لاھای كرد.
جێی باسە، تەوەری سەرەكیی گفتوگۆی كۆبوونەوەكان، جگە لە ڕۆڵی پارتی لە حوكمڕانی و پرۆسەی سیاسیی كوردستان بە تایبەتی و عێراق بە گشتی، بریتی بوون لە باسكردنی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی ھەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا و ھەڕەشەی سەرھەڵدانەوەی داعش و ھاوكاریی سەربازی و ئابووریی ھۆڵەندا بۆ ھەرێمی كوردستان. بە تایبەتیش سوپاسی پارتی گەل كرا بۆ ھەڵوێستی دۆستانەیان بەرامبەر كوردستان، بە تایبەتی لە كاتی شەڕكردن دژی داعشدا.
هەر لە كۆبوونەوەكاندا، باسی بڕیاری نوێكردنەوەی مانەوەی ھێزەكانی ھۆڵەندا كردا لە ھەرێمی كوردستان و سوپاسی ھەڵوێستی حكوومەت كرا لەم بارەیەوە، هەروەها شاندی پارتی ھیوایان خواست بریاری نوێكردنەوەی مانەوەی ھێزەكان كە مانگی داھاتوو لە پەرلەمانی ھۆڵەندا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، سەركەوتوانە ئەنجام بدرێت.
شاندەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەها سوپاسیان كردن بۆ ھاوكارییەكانیان لە بواری پەرەپێدانی كشتوكاڵ و ھاوكاریی مرۆیی و سەربازی و، ھیوایشان خواست لە بودجەی ساڵی داھاتوودا ھاوكاریی زیاتر بۆ ھەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت.
جێی ئاماژەیە، ھەڤاڵ شێرزاد ڕۆژبەیانی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی ناوچەی ھۆڵەندا و ئەندامانی تری پەیوەندییەكان، لەگەڵ شاندی پارتیدا بوون.




