٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مانگی داھاتوو ھێڵی نوێی كارەبای دھۆك دەكەوێتە كار

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلار سەرقاڵی جێبەجێكردنی ھێڵی نوێی كارەبای دھۆكە، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای دھۆكیش دەڵێ، مانگی داھاتوو ھێڵەكە تەواو دەبێت و ٣٧٠ مێگاوات لە كۆنتڕۆڵی گشتییەوە دەگوازێتەوە دھۆك.

ئیبراھیم حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای بڕیاری حكوومەت بۆ راكێشانی ھێڵێكی نوێی كارەبا، لە ئێستادا پڕۆژەكە لە جێبەجێكردندایە و ٧٠%ی تەواو بووە، بەڵام ئێمە پێشبینی دەكەین تا ٢٥ی مانگی دابێت تەواوی ھێڵەكە لە پارێزگای ھەولێرەوە بگاتە پارێزگای دھۆك و كۆتایی بێت".

بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای دھۆك گوتیشی: "ئەو ھێڵە نوێیە توانای گواستنەوەی ٣٧٩ مێگاوات كارەبای ھەیە و بە تەواوبوونیشی، كارەبای نیشتیمانی بەشی پارێزگای دھۆك بە تەواوەتی لە كۆنتڕۆڵی گشتییەوە دەگات، چونكە پێشتر بە ھۆی نەبوونی ھێڵێكی فراوانەوە، پارێزگای دھۆك بەشی خۆی بە تەواوەتی پێ نەدەگەیشت".

حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بەشی كارەبای پارێزگای دھۆك لە تۆڕی نیشتیمانی، ٢٤%ی كارەبای ھەرێمی كوردستانە و لەو رێژەیەش نزیكەی ١٦٠ مێگاوات بۆ كەمپەكانی ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای دھۆك دەچێت".

ناوبراو دەشڵێت: "پێشبینی دەكەین دوای تەواوبوونی ھێڵەكە، كێشەی كەمیی كارەبا لە سنووری پارێزگای دھۆك چارەسەر بكرێت و ھاووڵاتیانی پارێزگاكە لە كارەبای زیاتر سوودمەند دەبن".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار