كۆمەڵ و یەكگرتوو: باسی سهردانی سەرۆكی هەرێم بۆ لای لایەنە سیاسییەكان دەكەن

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێم لە درێژەی سەردانەكانیدا بۆ لای لایەنە سیاسییەكان، بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی لە هەولێر بكات، ئەوانیش پێیان وایە، مەبەستی سەردانەكە، بۆ باسكردن و بیروڕاگۆڕینەوەیە لەسەر بارودۆخی هەرێم و بەغدا و لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكانی هەرێمە لە یەكدی.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ لای لایەنە سیاسییەكان، تایبەته بە گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە عێراق و هەرێم و هەروەها ئەو یەكدەنگی و یەكڕیزییەی لە بەغداش هەیە، زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
هاوكات شێركۆ جەودەت، سهرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، وەك سەرۆكی هەرێم یەكەم سەردانییەتی بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، هەمان گفتوگۆش لەگەڵ ئەواندا دەكرێت، كە رۆژی پێشتر سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەریەكە لە یەكێتی و گۆڕان كردوویەتی، كە تایبەتن بە یەكڕیزی و تەبایی و بارودۆخی هەرێم و ناوەند.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی باوەڕیشی وایە، كە نێچیرڤان بارزانی باسی ئەو دیدار و گفتوگۆیانەش بكات، كە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا و وڵاتانی دیكە كردوونی.
ئەوەش لە كاتێكدایە، كە سەرۆكی هەرێم و شاندەكەی، دوێنێ سەردانی چەند لایەنێكیان لە سلێمانی كرد.
خێڵان بەختیار




