ئاری كاكەشین: سنووری هەولێر پێویستی بە ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوت هەیە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر دەڵێ، سنووری هەولێر پێویستی بە ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە و، سەرەتای مانگی ١١ش دەستیان بە دابەشكردنی نەوت كردووە، وەك سەرەتاش بەسەر ناوچە ساردەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر بووە، ئێستاش لە ناوچەی بارزان و رواندز بەردەوامن و دوای گەیشتنی نەوتی پێویست، ناو هەولێریش دەگرێتەوە.
ئاری كاكەشین، لە لێدوانێكیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە ١ی ١١ـوە دەستیان بە دابەشكردنی نەوت كردووە، وەك سەرەتاش ناوچە شاخاوی و ساردەكانیان دەست پێكردووە، وەك سیدەكان، پاشان شارۆچكەی چۆمان بە سەرجەم شارەدێ و گوندەكانییەوە، حاجی ئۆمەران و مێرگەسووریش، سەرجەمیان نەوتیان بەسەردا دابەش كراوە.
بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر، ئاماژەی بەوەش دا، لە ئێستادا نەوت بەسەر خانەوادەكانی دەڤەری بارزان دابەش دەكەن، بە گوتەی ناوبراو لە دوو رۆژدا پێدانی نەوت بە ماڵانی ئەو ناوچەیەش تەواو دەبێت، دواتر دێنە ناوچەی رواندز.
سەبارەت بە دابەشكردنی نەوت لە نێوشاری هەولێر، گوتی كە بڕی پێویستیان لە بەردەستدا نییە بۆ ئێستا، جەختیشی لەوە كردەوە كە بەرنامەیەكی باشیان بۆ پێدانی نەوت داناوە و بڕی پێویست هەبووایە، لە یەك كاتدا دەیانتوانی لە ناوچە ساردەكان و ناو هەولێریش نەوت بەسەر ماڵاندا دابەش بكەن، جەختیشی لەوە كردەوە، كە حكوومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێر داوایان لە حكوومەتی بەغدا كردووە بۆ دابینكردنی نەوتی پێویست بۆ پارێزگای هەولێر، هەر كاتێ ئەو بڕە پێویستە بگات، دابەشی دەكەن، كە ناوبراو وادەكەی دیاری نەكرد.
ئاماژەی بەوەش دا، كە سنووری پارێزگای هەولێر پێویستی بە ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، كە بۆ هەر ماڵێك یەك بەرمیل دابین بكرێت.
خێڵان بەختیار




