سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ KDP.info: ئاسۆیه‌كی گه‌ش چاوه‌ڕێی هه‌رێمی كوردستانە

سلێمانی-KDP.info- سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، له‌دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی نیشتمانی كوردستان له سلێمانی رایگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵێکمان بۆ ئه‌وه‌یه له به‌غدا هاوپه‌یمانییه‌کی کوردستانی درووست بکه‌ین، چونکه به جیا کارکردن هیچ ده‌ستکه‌وتێکی نابێ و، ئه‌گه‌ر به‌یه‌که‌وه بین، ژماره‌یه‌کی باشمان ده‌بێت و له ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه‌یه بتوانین ئه‌و هاوپه‌یمانییه درووست بکه‌ین..راشیگەیاند، " ئاسۆیه‌كی گه‌ش چاوه‌ڕێی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات."
ئه‌مڕۆ (26/11/2019) نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌شاری سلێمانی له‌مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کۆبووەوە و دواتر سەردانی ئارامگەی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد.
پاشان سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن کۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی جێگری یه‌که‌می سکرتێری گشتی و ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تیی یه‌کیتی پێشوازی لێ‌کرا. دواتر کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له نێوان هه‌ردوولادا به‌ڕێوه‌چوو. پاشان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری سه‌ردانی ئارامگه‌ی مام جه‌لال سه‌رۆككۆماری پێشوتری عێراقی كرد، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا تیشكی خسته‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌تی گرنگی په‌یوه‌ست به كوردستان و عێراق.
یه‌كرێزی و یه‌كهه‌ڵوێستی لایه‌نه كوردستانییه‌كان
نێچیرڤان بارزانی سه‌باره‌ت به كۆبونه‌وه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌كان رایگه‌یاند" دوای ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردمان بڕیارماندا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم كه سه‌ردانی ئه‌و حزبانه بكه‌ین، سه‌ردانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانمان كرد، سه‌ردانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌مان كرد، سه‌ردانی لایه‌نه‌كانی تریش ده‌كه‌ین، ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه ئه‌وه‌یه كۆده‌نگییه‌ك دروست بكه‌ین له به‌غدا پێكه‌وه هاوپه‌یمانی كوردستان دروست بكه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌رلایه‌نێك بۆخۆی به‌ته‌نیا بۆخۆی ئیش بكات، پارتی و گۆڕان و یه‌كێتی به‌جیا، ناتوانین هه‌یچ به‌ده‌ستبهێنین، به‌ڵام كه كۆیده‌كه‌یته‌وه و هه‌موومان پێكه‌وه ده‌بین ده‌بینین ژماره‌یه‌كی باشمان دەبێ له په‌رله‌مانی عێراقدا، ئێستا یه‌كێك له ئه‌وله‌ویاتی ئێمه ئه‌وه‌یه له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، كه بتوانین ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه دروست بكه‌ین له به‌غدا.
په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رایگه‌یاند، "په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا په‌یوه‌ندی باشه، ئێوه ئاگادارن وه‌فدی هه‌رێم دووجار سه‌ردانی به‌غدای كردووه، هه‌فته‌ی داهاتوو جارێكی‌تر سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن، مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه‌یه ئێمه بگه‌ینه رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و بودجه‌ی عێراق، هاتا ئێستاش كۆبوونه‌وه‌كان به‌باشی به‌ڕێوه‌چوون، ئومێدی ئه‌وه هه‌یه كه ئێمه بتوانین بگه‌ین به ئه‌نجامێك له‌و گفتوگۆیانه‌ی كه ئیێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌مانه، له‌لایه‌كی تر ئێمه به‌رده‌وامین له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ یارمه‌تیدانیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه سه‌خته‌ی ئێستا عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تێی كه‌وتووه كە كاریگه‌ری له‌سه‌ر وه‌زعی هه‌رێمی كوردستان و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه، په‌یامه‌كه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه كه یارمه‌تیده‌ر ده‌بین بۆ ده‌رچوونی عێراق له‌و دۆخه.
له وەڵامی پرسیارێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان "ئایا ده‌توانی ئه‌و په‌یامه بده‌یته خه‌ڵكی كوردستان كه قه‌یران و كێشه و ناخۆشییه‌كان كۆتاییان هاتووه؟" نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامی په‌یامنێری ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانی دایه‌وه، "خه‌ڵكی كوردستان له‌م چوار پێنج ساڵه‌دا زۆر ته‌حه‌مولیانكرد، من له‌قسه‌كانی خۆشمدا چه‌ندجار گوتوومه و ئێستاش به‌فرسه‌تی ده‌زانم دووباره‌ی بكه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوایه دۆخی هه‌رێم به‌وشێوه‌ی ئێستا هه‌یه به‌ڕێوه نه‌ده‌چوو، ئێمه یه‌كه‌م شت سوپاسیان ده‌كه‌ین هه‌وڵی هه‌موو لایه‌كمان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكی حكوومه‌ت جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، به‌نده، هه‌رهه‌موومان ئه‌وه‌یه كه بتوانین له‌م وه‌زعه‌ی كه هه‌یه دەربچین و ئینشا الله ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بتوانین ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان من خۆم گه‌شبینم به‌وه‌ی كه له نه‌تیجه‌ی ته‌حه‌مولی خه‌ڵك و تێگه‌یشتنیان ئینشا الله ئاسۆیه‌كی گه‌ش چاوه‌ڕێی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
هه‌مواری ده‌ستوری عێراق
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستا له‌باره‌ی هه‌وڵی هه‌مواره‌ی ده‌ستوری عێراق رایگه‌یاند، "بابه‌تی هه‌مواری ده‌ستور هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه، هه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوورێك كه ببێته هۆی باشتركردنی وه‌زعی هاوڵاتیانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه كه قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، مه‌سه‌له ئه‌وه نییه كه ئێمه حازر نین، ئێمه حازرین، چ ماده‌یه‌كی ده‌ستوری رێگره له‌وه‌ی كه خزمه‌تگوزاری بۆ هاوڵاتیانی عێراق دابین بكرێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، ئێمه ئاماده‌ین هه‌رماده‌یه‌كی ده‌ستووری كه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی بارودۆخی هاوڵاتیانی عێراق به‌ره‌و باشتر بڕوات هه‌رێمی كوردستان به ته‌ئكید به‌شداری دەکات و، هاوكاریش ده‌بێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور.
خۆپیشاندانی عێراق و به‌راوردی خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌هه‌رێمی كوردستان
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان نێچیرڤان بارزانی تیشكی خسته‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و به‌راوردی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند" به‌وهاتوچۆیانه‌ی كه ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا ده‌یكات هه‌موویان له‌پێناو ئه‌وه‌یه كه وه‌زعی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌وه بارودۆخێكی باشتر ببات، ئه‌وه‌ی عێڕاق جیاوازه له هه‌رێمی كوردستان، گه‌لی عێراق شایسته‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كی باشتره، ئه‌م خۆپیشتاندانانه‌ی كه ئێستا له‌عێراق ده‌كرێت ، تۆ ناتوانی به‌راوردی بكه‌ی به‌راستی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، ئێمه منه‌تێك ناكه‌ین، هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش شایسته‌ی ئه‌وه‌ن كه وه‌زعیان له ئه‌مه‌ی كه ئێستاش هه‌یه باشتر بكرێت، من به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌موو توانایه‌كی خۆیه‌وه هه‌وڵده‌دات ئه‌وه‌ی كه له‌ده‌ستی بێت بۆ باشتركردنی بارودۆخی هاووڵاتیان له هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات، ئه‌م شتانه‌ی كه حكوو‌مه‌تیش ده‌ستی پێكردووه، ناردنی وه‌فد بۆ به‌غدا و هه‌مووی له‌و چوارچێوه‌دایه.
گۆڕینی عادل عه‌بدولمه‌هدی
سه‌باره‌ت به‌پرسی گۆڕینی عادل عه‌بدولمه‌هدی كه ئێستا له به‌غدا باسی ده‌كرێت، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتی"بابه‌ته‌كه گۆڕین نییه ، هه‌رهه‌نگاوێك له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدا بێ ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌ین، به‌ڵام ئێمه پێمان وانیه به‌گۆڕینی شه‌خسێك وه‌زعه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر لێكی بده‌ینه‌وه عادل عه‌بدولمه‌هدی یه‌ك ساڵه بووەته سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌م كێشانه‌ی كه‌ئێستا له‌عێراق هه‌یه كێشه‌كانی پێشترن، هی یه‌ك ساڵ نین، ئه‌مه به‌یه‌ك شه‌خسیش چاره‌سه‌ر ناكرێن، ده‌بێ كۆده‌نگی له‌هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقدا هه‌بێ، ئێمه‌ش وه‌ك به‌شێك ئه‌وه‌ی كه‌له ئه‌ستۆی هه‌رێمه، من به سه‌ردانی چه‌ند جارم بۆ به‌غدا و دانیشتنم له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌عێراق دووپاتی ئه‌وه‌م كردووەته‌وه هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی هاوكاریه بۆئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدات له‌م كێشه‌ی كه ئێستا عێراق تێی كه‌وتووه ده‌ربچێ.
رێكخستن و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، "یه‌كێك له ئیشه‌كانی كه ده‌ستمان پێكردووه مه‌سه‌له‌ی رێكخستن و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه، هه‌ردوو جێگران كاك سه‌ید مسته‌فا و كاك شێخ جه‌عفه‌ر هه‌ردووكیان زۆر به‌جیددی خه‌ریكن ئیش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌كه‌ن، هه‌تا ئێستا كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌ی باشیان كردووه، كۆبوونه‌وه‌كانی ئێمه به‌رده‌وامه هه‌م له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كه ئێستا یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌و ریفۆرمه له‌ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئێمه‌ش به‌جدی خه‌ریكی ئه‌م مه‌له‌فه‌ین وه‌هیوادارین بگاته ئه‌نجامێكی باش.
پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی عێراقدا
له‌كۆتایی كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌بودجه‌ی عێراق دەڵێ، "سه‌باره‌ت به بودجه‌ی هه‌رێم هیچكات به‌غدا 17%ی نه‌داوه، له باشترین حاڵه‌ت مومكینه 11%ی دابێ كه‌متریش له‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌ی كه ئێستا ئێمه باسی ده‌كه‌ین سیسته‌می فیدراڵی هه‌موو جیهان ئه‌وه‌یه كه له‌مه‌ركه‌زه‌وه پاره بدرێت به هه‌رێمه‌كان، ئه‌وه مینحه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین ئه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وین له‌سه‌ر ره‌قه‌مێك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، ئه‌وا باشترین چاره‌سه‌ره.
زریان كه‌مال




