"هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی سیاسی و دیپلۆماسیی جیهانی"

دهۆک -KDP.info- شرۆڤەکارێکی سیاسەتی نێودەوڵەتی پێی وایە، ئێستا کوردستان مەڵبەندێکی سیاسی و دیپلۆماسیی گەورەیە لە جیهاندایە، جیهان بە هەرێمێک سەیری ناکات، بەڵکو بە وڵاتێکی فرەئایین و فرەنەتەوە تەماشای دەکەن.
ماوەیەکە سەرکردە و سیاسەتوانانی جیهانی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، شارەزایانیش پێیان وایە، کوردستان شوێنێکی ئارامی سیاسی و دیپلۆماسییە. عەبدلباست سەیدا، سەرۆکی پێشووی ئیئتلافی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، دەڵێ: "بۆ ئارامیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمەریکا و ڕووسیا و وڵاتە زلهێزەکان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە کلیلی چارەسەری لە هەرێمی کوردستانە و هەرێمی کوردستان بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن." ناوبراو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هاتنی مایک پێنس بۆ هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کوردستان شوێنی سەرنجی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا و، ئەگەر سەیر بکەین، دەبینین بۆ چارەسەری کێشەکانی وڵاتانی دراوسێش، هەر هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی چارەسەر."
"ئەمە هەمووی بەهۆی سیاسەتی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستانەوەیە کە سەرۆک بارزانی بۆ سیاسەتی ناوچەکە پەیڕەوی دەکرد، ئێستاش سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پەیڕەوی دەکات، کە کوردستانیان گەیاندە قۆناغی لووتکەی سیاسی و دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا." سەیدا وا دەڵێ.
کــاروان بــاعەدری




