٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف ڕوشدی: نێچیرڤان بارزانی هەمیشە لە خەمی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دوای هەر پێشهاتێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، لایەنە سیاسییەكان كۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر بابەتەكان دەكەن، ڕاوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتیش دەڵێ، پارتی هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تا لە بەغدا و لەسەر هەر بابەتێكی تر، یەكدەنگ و یەكگوتار بن و بە یەك تیم كار بكەن.

ئەمڕۆ 26ـی 11ـی 2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جێگرەكانی (مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا)، سەردانی سلێمانیی كرد، لە سەردانەكەشیدا لەگەڵ هەردوو لایەنی سیاسی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە.

پەیوەست بەم سەردانە، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، عارف ڕوشدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ یەكڕیزی و نزیكبوونەوە لەگەڵ‌ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها نێچیرڤان بارزانیش هەمیشە لە خەمی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانە، لە چوارچێوەی بەرنامە گشتگیرەكەی پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو كار و سەردانانە دەكرێت، كە ماوەیەك بەر لە ئێستا گشت هێزە سیاسییەكانی بانگێشت كردبوو و كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام درا بۆ ئەوەی سەبارەت بە بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق و ناوچەكە لێكتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ یەكتردا هەبێت و لە ڕادەربڕیندا یەكگوتاربن، هەروەها سەردان و گفتوگۆ بكەن و هەوڵ بدەن یەكڕیزییەكی سیاسیی لەسەر ئاستی عێڕاق و كوردستان دروست بكەن."

ڕوشدی، گوتیشی: "بەشێك لە بەرنامەی كۆبوونەوەكە بۆ ئەوەیە، كە هاوپەیمانیی كوردستانی لە ‌بەغدا سەر بگرێت، بۆ ئەوەی هێزە كوردستانییەكان لە بەغدا بەیەكەوە وەك یەك تیم كار بكەن و بەرانبەر هەر هەنگاوێكی نەرێنی دەرحەق بە مافەكانی كوردستان، سەرنگەر بگرن، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە، سەردانیكردنی سەرۆكی هەرێم بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانە و، جەختیش لەسەر ئەو بەرنامانە دەكەن كە لە كۆبوونەوەی ڕابردوودا پلانیان بۆ دانرابوو، جگە لەوەش باس لە ڕووداوەكانی دوای كۆبوونەوەی ڕابردوو دەكرێت، چونكە چەند شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردبوو بۆ مەبەستی ڕێككەوتن لەبارەی نەوت و بودجە و پەیوەندییەكانی بەغدا و هەرێم، بۆ ئەوەی لەمەودوا بە یەك تیم كار بكرێت."

 

فایزە كۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار