فوئاد حوسێن: هه‌رێم و به‌غدا گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن

هه‌ولێر-KDP.info- وه‌زیری داراییی حكوومه‌تی عێراق گوتی، هه‌رێم و به‌غدا دەربارەی پرسی نەوت گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن و لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێک هێنراوە و حه‌فته‌ی داهاتوو سیاغه‌ی كۆتاییی بودجه ده‌كرێت و ده‌درێته سه‌رۆكوه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكه‌ن بۆ په‌سه‌ندكردن.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا دەر‌باره‌ی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، د. ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لە كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: "ڕۆژی یه‌كشه‌ممه، جارێكی دیكه دێینه‌وه به‌غدا بۆ ئەوەی بگه‌ینه ئه‌نجامی كۆتایی. ئێمه به‌رگری له‌وه ده‌كه‌ین مافی ده‌ستووریی كوردستان بپارێزرێت و له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێكیش مووچه‌ی كوردستان بپارێزرێت."
د. ئومێد سه‌باح گوتیشی: "دەر‌باره‌ی پرسی نه‌وت قسه كراوه و لێكتێگه‌یشتنی باش هه‌یه و لێكتێگه‌یشتنی باشتریش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه."
خالید شوانی، ئه‌ندامی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش گوتی: "ئێمه تێڕوانینی خۆمان و چه‌ند پرۆژه‌یه‌كمان له ڕێگه‌ی چه‌ند وه‌ره‌قه‌یه‌كەوە پیشكه‌شی ئه‌وان كرد، ئه‌وانیش تێڕوانینی خۆیان پێشكه‌ش كرد دەر‌باره‌ی مه‌له‌فی نه‌وت و بودجه و ئیستحقاقاتی هه‌رێم و بودجه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و، كه‌شوهه‌وایه‌كی ئیجابی هه‌یه و لێكتێگه‌یشتنی باش هه‌یه و سه‌ره‌تای حه‌فته‌ی داهاتوو دێینه‌وه به‌غدا و هیوادارین بگه‌ینه ئه‌نجامی كۆتایی."
هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه، فوئاد حوسێن، وه‌زیری داراییی حكوومه‌تی عێراق، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: "له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باسی پشكی هه‌رێم له بودجه و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێم کرا و گرنگی به دانوستان درا و له‌سه‌ر پرسی نه‌وت وه‌ك سه‌ره‌تا گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن و لیژنه‌یه‌ك پێک هێنرا، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه و دووشه‌ممه سیاغه‌ی بودجه ده‌كرێ و نوێنه‌رانی هه‌رێمیش به‌شدار ده‌بن، ئه‌وكات ده‌بێته سیاغه‌ی كۆتاییی پڕۆژه‌یاسای بودجه، دواتر ده‌درێته سه‌رۆكوه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دواتر ئه‌وان ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن بۆ په‌سه‌ندكردن."
بڵند ئیبراهیم




