خەسرۆ گۆران: پارتی چەندین پێشنیاری ھەیە بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان

هەولێر -KDP.info- بڕیارە یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەموار بکرێتەوە و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەکانی پارتیش ئاشکرای کرد، پارتی ئامادەکاریی بۆ ھەموارکردنەوەکە کردووە و ژمارەیەک پێشنیاریش دراونەتە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی پرسی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و گۆڕینی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی کردووە و چەندین پێشنیار دراون بە فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی عێراق، تا لە پەرلەمان کاریان لەسەر بکرێت، کە ئێمە تیبینیی زۆرمان لەسەر ئەو یاسایە ھەیە."
لەبارەی کەمکردنەوەی ژمارەی کۆرسییەکانی پەرلەمانیشەوە، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن دەڵێت: "جارێ ئەوە یەکلا نەبووەتەوە، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان تا چەند کەم دەکرێنەوە، بەڵام بەپێی دەستووری عێراق بۆ ھەر سەدھەزار کەس نوێنەرێک دیاری کراوە، ئەگەر بڕیارە ژمارەی نوێنەران کەم بکرێنەوە، ئەوکات پێویستی بە ھەموارکردنەوەی دەستوور ھەیە."
پەیوەست بە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش، خەسرۆ گۆران جەختی کردەوە، پارتی قسەی خۆی دەبێت و دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ژمارەی کۆمسیاران کەم نەکرێتەوە، وەک ئەوەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت لە نۆ کۆمسیارەوە بکرێنە حەوت، چونکە ئەگەر ژمارەیان نۆ بێت، ئەوە دوو بەر کورد دەکەون، بەپێچەوانەوە لە ئەگەری کەمکردنەوەیان زیانی دەبێت."
قائید میرۆ




