ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە
__2019_11_25_h15m29s29__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆ بووەوە، كە لەم حەفتەیەدا ئەوە بۆ جاری دووەمە ئەو شاندە سەردانی بەغدا بكات. بە بڕوای پەرلەمانتاران ڕێككەوتن و لێكنزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە كارێكی باشە و هیوادارن لەسەر كێشەكانی دیكەش بگەنە ڕێككەوتن، كە ئەوە لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە.
د. مەحموود عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "رێككەوتن و لێكنزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە كارێكی باشە و لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە، هیوادارین لەسەر كێشەكانی دیكەش بگەنە ڕێككەوتن."
موئەیەد تەیب، پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیاركرد:" هەبوونی كورد لە پرۆسەی سیاسیدا لە 2003ـەوە تا ئێستا هیچ كێشەیەكی بۆ عێراقییەكان دروست نەكردووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، كورد هاوكار بووە كە حكوومەتێك لە بەغدا دروست بێت، حكوومەتی خەڵك بێت و بەڕاستی خزمەتی خەڵك بكات، چارەكردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكاندایە، بۆ هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەن، لایەنی بەغدا هۆكار بووە، هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك كێشە نەبووە".
نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەسەر ئاستی سیاسی دەبێ بەردەوام شاند سەردانی بەغدا بكەن، لەسەر ئاستی فەننیش بەردەوام كار بكەن، هەر لیژنەیەك لە بواری خۆیدا كێشەکان چارە بکات، بۆ نموونە كێشەی بودجە، نەوت، ماددەی 140، هەریەك لەو لیژنە فەننیانە پێكەوە دابنیشن و ئەو كێشانە چارە بكەن".
ڕابین شێروانی




