٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەروێز ڕەحیم: سەردانی مایك پێنس دووپاتكردنەوەی پاڵپشتی بوو بۆ هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.infoـ سەردانەكەی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هەولێری پایتەخت، گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستانی دەرخست، مامۆستایەكی زانستە سیاسییەكانیش دەڵێت، ئەم سەردانە دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیی ئەمەریكایە بۆ هەرێمی كوردستان.

سەردانی "مایك پێنس" جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هەولێر و كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە كاتێكی هەستیاردا، خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت، بەڵام سەبارەت بە گرنگترین ڕەهەندەكانی ئەم سەردانە، مامۆستای زانستە سیاسییەكان، پەروێز ڕەحیم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم سەردانە دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیی ئەمەریكایە بۆ هەرێمی كوردستان لە پاش نیگەرانییەكانی كورد، بۆیە ئەم سەردانە دروستكردنەوەی متمانەیە لە نێوان كورد و ئەمەریكادا".

رەحیم گوتیشی: "لە ناوخۆی ئەمەریكاش ناڕەزایەتی لە هەمبەر بێدەنگیی و بێهەڵوێستیی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ دروست ببوو، بەڵام مایك پێنس بە وتە و پەیامەكانی ئەو راستییەی خستە ڕوو، كە ئەمەریكا بەردەوام پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان دەكات لە جەنگی دژی تیرۆر، ئەمەش لە رووی سەربازی و ئاسایشییەوە بەردەوامبوونی ئەمەریكایە لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكانی لە ڕووی مەشق و ڕاهێنانی سەربازییەوە، كە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە."

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان، گوتیشی: "ڕەهەندێكی تری ئەم سەردانە، بریتییە لە وەرگرتنی پشتیوانیی هەرێمی كوردستان لە ئاڵوگۆڕە پێشبینیكراوەكان لە بەغدا لە پاش خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە بەغدا و شارە گەورەكانی عێراق لە دژی حكوومەت و نفووزی ئێران و داواكاری هەمواركردنەوەی دەستوور و لەسەركارلاچوونی كابینەی ئێستا و گۆڕینی سیستەمی سیاسیی عێراق".

"ئەمەریكا لە هاوكێشە سیاسییەكانی بەغدا پێویستی بە هەرێمی كوردستان هەیە، بە تایبەتی پاش ئەوەی كورد رایگەیاندووە كە كێشەكانی ئێستای بەغدا، بەرهەمی ئەم كابینەیەی ئێستای عێراق نین، بەڵكوو كەڵەكەبووی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانی پێشووی بەغدایە و تەنانەت پاڵپشتی لە عادل عەبدولمەهدی دەكات، بۆیە بۆ ئەمەریكا زۆر گرنگە كە هەم پشتیوانیی كوردستانی هەبێت وەكوو پێكهاتەیەكی سەرەكی لە عێراق و هەمیش دڵنیایی بداتە هەرێمی كوردستان كە ئەمەریكا لە هەر ئاڵوگۆڕێك كورد لە هاوكێشە یاسایی و سیاسییەكانی نوێی عێراق پشتگوێی ناخات." پەروێز وای گوت.

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار