وەزیری تەندروستی بۆ KDP: ههر دەرمانێك ستیكەری وەزارەتی بە سەرەوە نەبێت قاچاغە

هەولێر-KDP.info- ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە، وەزیری تەندروستی لە دیمانەكەیدا بە وردی تیشكی خستۆتە سەر دواهەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ زیاتركردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نەخۆشخانە حكوومییەكان و، تێچووی كەرتی تەندروستی لەسەر حكوومەتی هەرێم و، هەروەها پلانەكانیان بۆ رێكخستنەوەی نرخی دەرمان و نەخۆشخانە ئەهلییەكان و كۆنتڕۆڵكردنی جۆری دەرمان.
ماڵپەڕی پارتی: بڕیاری قەدەغەكردنی كارمەندی تەندروستی لە كەرتی گشتی بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەكان، گرنگی بۆ حكوومەت و هاووڵاتیان چی بوو؟
دكتۆر سامان بەرزنجی: ئەم بڕیارە جگە لە رێكخستنەوەی وەزیفەی گشتی، كۆمەڵێك گرنگیی دیكەی هەیە، لەوانە نەهێشتنی رۆتین و زیاتركردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان، هەروەها بڕیارەكە رێگری لەوە كردووە كە پزیشكە پسپۆڕەكان لە كاتژمێرەكانی دەوامی فەرمیی حكوومەت بچن نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان بكەن. بەڵكو ئێستا پزیشكە پسپۆڕەكان لە جیاتی نەخۆشخانە ئەهلییەكان، بە كاتێكی زۆر لە نەخۆشخانە حكوومییەكان بە بێ بەرانبەر و لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم هەمان نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەكان دەكەن، بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەمان دا كە نابێت هیچ كارمەندێكی حكوومی لە شەفتی بەیانیان لە نەخۆشحانە ئەهلییەكان كاربكات لەسەر بەرژەوەندی گشتی، هەر بۆیەش ئێستا دكتۆرەكان لە هەفتەیەكدا شەش رۆژ لە كاتژمێر هەشت بۆ دووی دوای نیوەڕۆ لە خزمەتی هاووڵاتیاندان لە نەخۆشخانە حكوومییەكان، دەشكرێت نەخۆشخانە ئەهلییەكان سوود لەو كەسانە ببینن كە خانەشینن یاخود دانەمەزراون.
ماڵپەڕی پارتی: بە گوێرەی داتاكانتان، هاونیشتیمانیانی كوردستان زیاتر ڕوو لە نەخۆشخانە حكوومییەكان و نۆڕینگە میللییەكان دەكەن، یان نەخۆشخانە ئەهلییەكان و نۆڕینگەكانی ئێواران؟
د. سامان بەرزنجی: بە گوێرەی ئەو داتایانەی بەردەستن، لە ئێستا و لە ساڵانی ڕابردووشدا سەردانیكردنی نەخۆشەكان بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەكان كەمتر لە 10% و نەخۆشخانە حكوومییەكانیش زیاتر لە 90% دەبێت.
ماڵپەڕی پارتی: دەرمان و كەلوپەلی پزیشكی و ئامێرە پزیشكییەكان وەك پێویست لە نەخۆشخانەكانی حكوومەت بەردەستن؟
دكتۆر سامان بەرزنجی: دەكرێت بڵیین پێداویستییەكانی نەخۆشخانە حكوومییەكان تا رادەیەكی زۆر دابین كراون لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە، بەڵام ناكرێت بڵیین 100%، چونكە كێشەی دەرمان بە تایبەت، كێشەی هەموو عێراقە، چونكە دامەزراوەی دەرمانی عێراق كە بۆ هەژدە پارێزگا دەرمان دابین دەكات، خۆی ناتوانێت رێژەی 100% دەرمان بۆ هەموو پارێزگاكان دابین بكات، بۆیە بە گشتی ئێمە رێژەی 45% دەرمانمان لە بەغداوە بۆ دێت، هەروەها بابەتەكانی دیكەی وەكو نەخۆشییە درێژخایەنەكان ونەشتەرگەری و هۆڵی چاودێریی چڕ و پێداویستییە سەرەكییەكانی دیكە لەلایەن وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمەوە بودجەیەكی بۆ دیاری كراوە لەسەر ئاستی پارێزگاكان بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەك بەدی نەكرێت لە خزمەتكردنی نەخۆش، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستیمان بە بودجەی زیاتر هەیە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری.
ماڵپەڕی پارتی: بە گوێرەی داتاكانتان تێچووی نەخۆشخانەكان و كەرتی تەندروستی ساڵانە لەسەر حكوومەتی هەرێم چەند دەكەوێت؟
د. سامان بەرزنجی: بە گوێرەی داتاكان خەرجیی وەزارەتی تەندروستی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی 2018 جگە لەو دەرمانەی كە لە بەغداوە بۆ كوردستان هاتبوو، نزیكەی 780 ملیار دیناری عێراقی بووە، كە لەم بڕەپارەیە زیاتر لە 70% بۆ مووچە بووە.
ماڵپەڕی پارتی: ئەی داهاتی ئێوە بۆ حكوومەتی هەرێم چەند بووە لە ڕووی مادییەوە؟
د. سامان بەرزنجی: داهاتی وەزارەتی تەندروستی ساڵی رابردوو تەنها 17 ملیار دینار بووە، كە ئەمەش دەكاتە 2%ی كۆی گشتیی خەرجییەكانی حكوومەتی هەرێم لە كەرتی تەندروستیدا، بۆیە دەكرێت بڵێین بە تەواوەتی خەرجییەكانی كەرتی تەندروستیی گشتی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، ئەمەش تێچوویەكی زۆر بووە بۆ حكوومەت.
ماڵپەڕی پارتی: لە ئێستادا چیتان لە بەردەستە بۆ باشتركردنی كەرتی تەندروستی؟
د. سامان بەرزنجی: بە سوپاسەوە لەم كابینەیەدا لە لایەن خودی سەرۆكی حكوومەتەوە چەندین پڕۆژەی گرنگ بۆ كەرتی نەخۆشخانەكان ئەنجام دراون بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە كەرتی گشتیدا.
ماڵپەڕی پارتی: بەرنامەتان چییە بۆ كەمكردنەوەی تێچووی نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان كە نرخەكەی دەبینین زۆر بەرزە؟
د. سامان بەرزنجی: ماوەی مانگێكە لیژنەیەكی هاوبەشمان دروست كردووە، كە لیژنەكە لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانە ئەهلییەكان و سەندیكا پەیوەندییدارەكاندا پێك هاتووە و، كاری ئەو لیژنەیە بریتی دەبێت لە سنوورداركردنی نرخ بۆ نەشتەرگەری، چارەسەر، مانەوەی شەوانە و هەموو جۆرەكانی پشكنین، هەروەها لیژنەكە پارەی دەستهەقی پزیشكیش دیاری دەكات بە گوێرەی جۆری نەشتەرگەرییەكان، جگە لەوەش دەوامی نێوان نەخۆشخانە ئەهلییەكان و حكوومییەكان رێك دەخاتەوە و ئاستی خزمەتگوزاریش بەرز دەكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پیشنیازەكانی ئەم لیژنەیە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسەند دەكرێن و دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
ماڵپەڕی پارتی: كەواتە دەكرێت بڵێین نەخۆشخانە ئەهلییەكان لە ژێر ركێفی وەزارەتی تەندروستیدان؟
د. سامان بەرزنجی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، پیویستیشە نەخۆشخانە ئەهلییەكان لەژێر رێنماییەكانی وەزارەتی تەتدروستیدا بن.
ماڵپەڕی پارتی: نرخی دەرمان یەكێكە لەو بابەتانەی كە ساڵانێكە نەخۆش گلەیی لێ دەكات، ئێوە وەك وەزارەت چۆن مامەڵە لەگەڵ نرخی دەرماندا دەكەن؟
د. سامان بەرزنجی: نرخی دەرمان پڕۆسەیەكە كە لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی تەندروستی كاری زۆری لە سەر كردووە و ئێستاش دەیكەین، بەڵام لە لایەكی دیكەوە نرخی دەرمان پابەندە بە جۆری دەرمان و بەرهەمهێنان و و گواستنەوەی و كوالێتی دەرمان و كۆنترۆڵكردنی بازاڕ، لە ئێستاشدا چەند بڕیارێك بەردەستن، بۆ نموونە ئەگەر تا كۆتایی ئەم مانگە هەموو كۆمپانیاكانی دەرمان رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و بەكۆكاكردن جێبەجێ نەكەن، ئەوە چالاكییەكانیان ڕادەگرین و بەڵێننامەیەیان پێ پڕدەكەینەوە كە تا كۆتایی ساڵی 2019 دەست بە جێبەجێكردنی رێنماییەكان بكەن، ئەگەر هەر پابەند نەبوون، مۆڵەتی كاركردنیان لێ دەستێندرێتەوە و مافی كاركردنیان نابێت.
ماڵپەڕی پارتی: كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان چۆنە؟ خەڵك گلەیی لەوە دەكات دەرمان دەخوات و نەخۆشییەكەی چارەسەر نابێت، ئایا هۆكارەكەی نزمیی كوالێتی دەرمانەكانە؟
د. سامان بەرزنجی: هەر دەرمانێك لە رێگای بەڕێوەبەرایەتیی كوالیتی كۆنترۆڵەوە بێتە ناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوا كوالیتی گونجاوە بۆ بەكارهێنان و گومان لە كوالیتییەكەیدا نییە، بۆیە هەر دەرمانێك ستیكەری وەزارەتی تەندروستی بە سەرەوە نەبێت، قاچاغە و باشترە نەخۆشەكان بەكاری نەهێنن.
هێدی كاكەیی




