ئایدن مەعرووف: كوردستان شوێنی پێكەوەژیان و برایەتییە بۆ هەموو پێكهاتەكان

هەولێر-KDP.info- وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "دوای دەستبەكاربوونمان وەكو وەزیری هەرێم، هەموو داواكارییەكانی پێكهاتەكانمان كۆكردووەتەوە و ئاڕاستەی حكوومەتمان كردووە، حكوومەتیش وەڵامی ئەرێنیی بۆ داواكارییەكانمان هەیە".
ئایدن مەعرووف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای دەستبەكاربوونمان وەك وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان، لە ئێستادا بە فەرمی كاری خۆمان ئەنجام دەدەین و لەناو ئەنجومەنی وەزیران كار دەكەین تاوەكو بینامان بۆ دابین دەكرێت، لە یەكەم هەنگاویشدا لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی و شەبەك و ئێزدی و كاكەیی و هەموو پێكهاتەكان كۆبووینەتەوە و داواكاریی خۆیان ئاڕاستەی ئێمە كردووە، ئێمەش كردوومانە بە راپۆرتێك و داومانەتە حكوومەت بۆ جێبەجێكردن".
مەعرووف گوتیشی: "داواكاریی پێكهاتەكان ئەوەیە، مافەكانیان لە دەستووردا جێگیر بكرێن و لە یاساكاندا رەچاوی مافەكانی پێكهاتەكان بكرێت، ئەو وەزارەتەش بووەتە پردێك لە نێوان دەسەڵات و پێكهاتەكاندا".
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان دەشڵێ: "مەسیحی و توركمان دوو داواكاریی سەرەكیان هەیە، ئەوانیش بریتین لەوەی گرنگی بە كولتوور و خوێندنیان بدرێت و تاوەكو ئێستاش وەڵامی حكوومەت بۆ سەرجەم داواكارییەكان ئەرێنییە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكەدا سەلماندی، كە كوردستان شوێنی پێكەوەژیان و برایەتییە بۆ هەموو پێكهاتەكان بێ جیاوازی.
بڵند ئیبراهیم




