٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ كۆنفڕانسی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لە جیهان بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە لە لاهای پایتەختی هۆڵەندا، كۆنفڕانسی ساڵانەی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لە جیهان (opcw) بەڕێوە دەچێت و، كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەش تێیدا بەشدار دەبێت.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ كۆنفڕانسی ساڵانەی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی لە جیهان (opcw) لە لاهای پایتەختی هۆڵەندا بەڕێوە دەچێت ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت، ئێمەش وەكو ئەندام لەو رێكخراوە بە شاندێك بەشدار دەبین ."

عەبدولقادر دەشڵێ: "ئەم كۆنفڕانسە ساڵانە بەڕێوە دەچێت و تێیدا تاوتوێی سەرنج و پێشنیازەكانی یەكتری دەكرێت، بەشداریی ئێمە و پێشكەشكردنی پەیامەكەشمان گرنگە، لەبەر ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو حكوومەت لەوێ ئەندام نییە، ساڵانە ئەو وڵاتانەی وەكو ئێمە قوربانییان داوە، سوود لەو رێكخراوە دەبینن و لە رووی ماددییەوە دەتوانن كۆمەك كۆبكەنەوە بۆ قوربانییەكانیان، بۆیە ئومێد دەكەین لە ساڵانی داهاتوودا حكوومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە رێگای نوێنەرایەتیی عێراقەوە هاوكاری و كۆمەك بۆ قوربانیانی ئێمەش بەدەست بێنن".

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژەشی دا، ئەم رێكخراوە زۆر گەورەیە و زیاتر لە 183 وڵات ئەندامن لەو رێكخراوەدا لەگەڵ 62 رێكخراو كە لە بواری قوربانیاندا كار دەكەن.

دەشڵێت: "شاندی ئێمە لە كۆنفڕانسەكەدا وتارێك پێشكەش دەكەن، هەروەها پێشانگایەكی تایبەتی قوربانیانی چەكی كیمیایی دەكەینەوە و لەگەڵ وتەی شایەتحاڵی تاوانەكە نمایش دەكرێت.

ئەم كۆنفڕانسە ساڵانە بە ئامادەبوونی نوێنەری ١٩٣ وڵات و ٦٢ رێكخراو لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوە دەچێت، كە خودی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی لە جیهان (opcw) لە ساڵی ٢٠١٣ـدا خەڵاتی ئاشتیی پێ بەخشراوە.

 

نەشوان بەرزنجی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار