"وڵاتان لەو ڕاستییە گەیشتوون، کە هەرێم ڕۆڵی ئەرێنی لە سەقامگیریی ناوچەکە و جیهاندا دەگێڕێ"

سلێمانی -KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ و پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان دەڵێت، سەردانەکەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چەند پەیامێکی ڕوون و گرنگی بۆ هەرێمی کوردستان تێدا بوو.
ئێوارەی دوێنێ (٢٣-١١-٢٠١٩)، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا و پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پێنس، سڵاو و سوپاسگوزاریی ئەمەریکای بە سەرۆکی هەریمی کوردستان گەیاند و پشتگیری و پشتیوانیی ئەمەریکاشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
مایک پێنس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد کە بەهۆی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان و چاونەترسی و قارەمانیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە هاتووم تا سوپاسگوزاریی سەرۆک ترامپ و خەڵکی ئەمەریکا بە ئێوە بگەیەنم.
عەبدولڕەحمان سەلیم، پسپۆڕی زانسته سیاسییهكان، لەبارەی سەردانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکاوە بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەل سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ڕۆڵی بەهێز و دیپلۆماسیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و تەباییی نێوخۆی ماڵی کورد وای کردووە ئەمڕۆ لە ناوچەکە و ناوهنده نێودهوڵهتییهكانیشدا بە وێنای دهوڵهتێك مامەڵەی جیاواز لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت."
عەبدولڕەحمان سەلیم لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمەریکا و جیهان بە نەبەردیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاشنا بوون، کە بە تێکشکێنەری ئەفسانەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ناسێنراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کە خودی خۆی لە بەرەکانی پێشەوەی جهنگ دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، شانبەشانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پارێزگاری لە نیشتمان لە جهنگدا بوو."
جێگری سهرۆكی ئهمریكا لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر لە چەند جارێک دڵنیاییی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، کە جارێکی دیکە هیچ هێزێکی دیکە ناتوانێ ڕوو لە داگیرکاریی ئێوە بکات و هەرێمی کوردستانی وەک هاوبەشی ڕاستەقینەی ئەمەریکا ناودێر کرد.
پسپۆڕهكهی بواری زانسته سیاسییهكان گوتیشی: "تەواوی وڵاتان لەو ڕاستییە گەیشتوون، کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ئەرینی دەبینێ لە سەقامگیریی ناوچەکە و جیهاندا، هەروەها نائارامی و تێکچوونی ڕەوشی ئێستای بەغدا یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە هەرێمی کوردستان بە پایتەختی ئارامی و سەقامگیری بناسێنرێت."
زریان کەمال




