٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پەنابەران ڕۆڵی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنن"

سەرچاوە: KDP.info

 

 

ڕۆژئاوای كوردستان -KDP.info- زیاتر لە 15هەزار پەنابەری ڕۆژئاوا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ڕۆژ بۆ ڕۆژیش ژمارەی ئەو پەنابەرانە زیاتر دەبێت. پەنابەران ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم لە پشتگیریكردنی ڕۆژئاوا و هاوكاریكردنی ئەوان بەرز دەنرخێنن و پێیان وایە ئەگەر سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئێستا دۆخی ڕۆژئاوا زۆر خراپتر دەبوو لەوەی كە ئێستا هەیە.

 

محەمەد كاوە، پەنابەرێكی ڕۆژئاوایە و ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە پاراستنی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەگەر سەرۆك بارزانی نەبووایە شتێك نەدەما بە ناوی ڕۆژئاوا، بەڵام هەر لە یەكەم ڕۆژەوە سەرۆك بارزانی بەردەوام لەسەر خەت بووە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا، بۆیە ئێمە وەكو خەڵكی ڕۆژئاوا هەڵوێستی سەرۆك بارزانی بەرز دەنرخێنین."

 

عەزیز مووسا، پەنابەرێكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "سەرۆك بارزانی هەموو كات هەوڵی داوە لایەنەكانی ڕۆژئاوا لە دەوری یەكدی كۆ بكاتەوە، بەڵام ئەوە لایەنەكانی ڕۆژئاوا بوونە کە ڕێككەوتنەكانیان جێبەجێ نەكردووە و دۆخی ڕۆژئاوایان بە ئەمڕۆ گەیاند. ئێستا لە هەموو حزبەكانی ڕۆژئاوا داواكارین، دەست بخەنە ناو دەستی یەكدی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای كوردستان."

 

عوبێد سەلیم، كە ئەویش لە سەرێكانییەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی توركیا هێرشی كردە سەر ڕۆژئاوای كوردستان، خەڵكێكی زۆر هەوڵی دا خۆیان بگەیەننە هەرێمی كوردستان، دوای گەیشتنی ئێمە بۆ هەرێم، حكوومەتی هەرێم هەموو ئامادەكارییەكی كردبوو و ئێمەی بردە ناو كەمپەكان و ئەوەی پێویست بێت بۆ ئێمەی دابین كرد و شوێنێكی ئارامە و هیچ كێشەیەكمان لە هەرێمی كوردستان نییە و بە ماڵی خۆمان دەزانین."

 

جیهاد حەسەن، پەنابەرێكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد: "دوای گەیشتنمان بۆ سنووری هەرێمی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت لەگەڵمان بوون، تا گەیشتینە ناو كەمپەكان و لەوێش هەرچی پێداویستیی ڕۆژانەیە بۆ ئێمە دابین كراوە و سێ ژەمە خواردن بە ئێمە دەدرێت، هیوادارین ڕێكخراوەكانی دیكەش چاو لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بكەن و هاوكاریی ئێمە بكەن، تا دەگەڕێینەوە سەر ماڵوحاڵی خۆمان، چونكە بەو زستانە پێویستمان بە كەلوپەلی زیاتر هەیە".


ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار