٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانی کوردستان کەمپینێکی هاوکاری بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد پەرلەمانی کوردستان کەمپینێکی بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و هاوکاری بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندووە.

لەمبارەوە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ڕای دەگەیەنین، ئەمڕۆ ئێمە بۆ جێبەجێکردنی خاڵی هەشتەمی حەو 12 ڕاسپاردەیەی پەرلەمان کە ڕێکەوتی 2019.10.15 بە تێکڕای دەنگ هەموو پەرلەمانتارانی كوردستان پەسەند کرا کە بریتییە لەوەی پەرلەمانی کوردستان هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی خوشک و برایانمان و ئەوانەی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەهۆی دۆخی نەخوازراو و پەلاماری سەربازیی ناوچەکانیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە".

هێمن هەورامی ڕاشی گەیاند: "وەکوو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان سوپاسی دەستپێشخەریی پەرلەمانتارە بەڕێزەکانی سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەین کە وەکوو ئەرکێکی پەرلەمانی، مرۆیی و نیشتمانی ئەم هەڵمەتەیان لەناو تەلاری پەرلەمانی کوردستانەوە ڕاگەیاندووە".

گوتیشی: "لەم هەڵمەتەدا سەرجەم پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی کوردستان تێیدا بەشدارن بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و پشتیوانیی مادی بۆ سەرجەم ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانن بەگشتی و بەتایبەتی بۆ خوشک و برایانی ئاوارە و پەنابەر کە لە ڕۆژائاوای کوردستانەوە هاتوون".

بەپێی دوایین ئامار کەلە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە، ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 17 هەزار کە لە کەمپەکانی (بەردەڕەش و گەویلان)ی سەر بە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن.

هەواڵی پەیوەندیدار