٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاوێژكارێكی كۆمارییەكان: ئەمەریكا هەولێری لا گرنگه‌ و هاوپەیمانەكانی جێ ناهێڵێت

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریكا-KDP.info- مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كۆبووەوە، ڕاوێژكارێكی پارتی كۆمارییەكانیش دەڵێ، سیاسەتی ئێستای ئەمەریكا لەگەڵ كورددایە و كوردیش دەتوانێت پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكادا زیاتر بەهێز بكات.

زەردەشت تۆفیق بەگ، ڕاوێژكاری پارتی كۆمارییەكانی ئەمەریكا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كاتێك دەڕواتە هەولێر و دیدار لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت دەكات، ئەوەمان پێ دەڵێت، كە هەولێری لا گرنگه‌".

ناوبراو گوتیشی: "سەردانی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پاش ئەو بڕیارەی سەرۆك دۆڵاند تڕامپ دێت، كە هێزەكانی لە كوردستانی سووریا كشاندەوە، هاوپەیمانەكانی بێئومێد بوون بەوەی ئەمەریكا تا ئەو كاتەی ئیشی پێت بێت لەگەڵتە و پاشان بەجێت دەهێڵێت، بە تایبەت كورد زەرەری كرد لە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا، بەڵام سەردانەكەی مایك پێنس، دڵنیایی بە هەموو هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا دەداتەوە بەوەی ئەمەریكا هاوپەیمانەكانی بەجێ ناهێڵێت و هەروەها چاكەی كوردی بیر نەچووەتەوە لە لەناوبردنی گرووپی تیرۆریستیی داعش".

تۆفیق بەگ زیاتر دەڵێ: "لە سیاسەتی ئەمەریكادا سەردانی سەرۆك یان جێگری سەرۆك بۆ وڵاتێك، كە لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتەدا كۆدەبێتەوە، واتە ئەو هەرێم و وڵاتە لای ئەمەریكا گرنگە و دەیەوێت پێوەندیی بەهێزی لەگەڵدا هەبێت".

"جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، سەردانی زۆر وڵاتی نەكردووە، لە كاتێكدا دێتە كوردستان و لە پایتەختەكەی لەگەڵ سەركردایەتیی كورد كۆدەبێتەوە، واتە كۆشكی سپی و ئیدارەی سەرۆك تڕامپ گرنگی پێدەدات و خواستی بەرەوپێشبردنی پێوەندیی دووقۆڵیی هەردوولا هەیە، زەردەشت تۆفیق وای گوت.

روونیشی كردەوە، ئێستا سیاسەتی كورد و سیاسەتی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، كورد و ئەمەریكا كۆدەكاتەوە، ئەمڕۆش سیاسەتی ئەمەریكا لەگەڵ كورددایە، چونكە پێگەی كوردستانی لا گرنگە.

زەردەشت ئاماژەشی دا: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیدارەی جۆرج بووشەوە بۆ ئیدارەی ئۆباما و ئێستاش دۆڵاند ترامپ، پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا جێگیر بوون، بەردەوامیش حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی ئەمەریكا پێوەندیی باشیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، بنكەی سەربازیی گەورەی لە كوردستان هەیە و كۆنسووڵخانەی هەیە، هەروەها پێوەندیی ئەمنیی لە نێوان دەزگا ئەمنییەكانی هەردوو لاهەیە، زانیاری دەگۆڕنەوە و گرنگیی تایبەت بە پێوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەتی باشووری كوردستان دەدات، جگە لەوەش، پێوەندیی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوانیاندا هەیە و دەتوانین بڵێین لەگەڵ ڕووخاندنی ڕیژێمی سەددام حوسێن و هاتنی ئەمەریكا بۆ عێراق، پێوەندیی بەهێز لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ئەمەریكادا هەیە و پێوەندییەكە بە جێگیری ماوەتەوە".

ڕاوێژكارەكەی پارتی كۆمارییەكانی ئەمەریكا بڕوای وایە: "پێویستە كورد سەرمایەی سیاسی لەگەڵ ئەمەریكا دروست بكات، ئێستا حكوومەتی هەرێم لە دۆخێكی بەهێزدایە و دەتوانێت پێوەندییەكانی زیاتر لەگەڵ ئەمەریكا بەهێز بكات، و سوود لە دەرفەتەكان وەربگرێت".

 

عەزیز هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار