بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی: کەرتی ئابووری گەشەی بە خۆیەوە بینیوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی ئاماری ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، خەریکە ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە ڕەوشی پێش قەیرانی دارایی و ڕێژەی ھەژاری و بێکاری بەرەو کەمبوون دەچن.
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای کۆتاییھاتنی شەڕی داعش و باشبوونی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ڕێژەی بێکاری و ھەژاری بەرەو کەمبوونەوە چووە و ئێستا ڕەوشەکە زۆر بەرەوپێشچوونی باشی بە خۆیەوە بینیوە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٦ ڕێژەی ھەژار گەیشتبووە ١٤% و ڕێژەی بێکاری ١٦%، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی دەشڵێت: "ئەمساڵ گەشەی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان پەیدا بووە، بەتایبەتی دوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی ڕەوشی ئابووری بەرەو باشتر بچێت و ڕاستە ھێشتا نەگەیشتووینەتە پێش قەیران، بەڵام خەریکە نزیک دەبینەوە لەوەی ڕێژەی ھەژاری و بێکاری بەرەو ئاستێکی زۆر نزم بەرین."
بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، مەحموود عوسمان گوتی: "ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان، لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا قەت بەراورد ناکرێت، لەبەر ئەوەی سەرەڕای بودجەیەکی کەم، زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵکی کوردستان کراوە، کەچی ھاووڵاتییانی عێراق بە داھاتێکی زۆر و ئەو ھەموو قەرزە نێودەوڵەتییەشەوە ھێشتا بە دەست نەبوونی کەمترین خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن."
مەحموود عوسمان جەختی کردەوە: "ئاستی گوزەرانی ھاووڵاتییان لە نێوان ھەرێم و باشوور و ناوەڕاستی عێراق جیاوازییەکی زۆری ھەیە، ئەوان تەنیا توانیویانە بە ناوی حەشدی شەعبیەوە مووچە بۆ خەڵکێک ببڕنەوە، بەڵام لە ھەموو خزمەتگوزاریی دیکە بێبەش کراون، خۆپێشاندانەکانیش دەبینین چ کارەساتێکە لەو ناوچانە و ژیانی خەڵکی چوونە."
قائید میرۆ




