ئەمڕۆ ئەنەكەسە دوایین بڕیاری خۆی دەدات

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" گوتی، ماوەی چەند رۆژێكە گفتوگۆ لە هەولێر دەكەن بۆ ئەوەی بۆ سەر هەموو ئاستەكان ئامادە بن و داواكارییەكانی خۆشیان ئامادە بكەن، هەم بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ تەڤدەم و دەستووری سووریا و هەمیش بۆ هەردوو كۆنگرەی ئاستانا و كۆنگرەی جنێف نۆ، كە ئەمڕۆش دوایین بڕیاری خۆیان دەدەن.
نەواف حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە لە شاری هەولێر ئەنەكەسە گفتوگۆ دەكات بۆ ئەوەی بەرنامە و كارنامەی خۆی ئامادە بكات بۆ قۆناغی داهاتوو لەسەر هەموو ئاستەكان و، چوونیشیان بۆ توركیا و گفتوگۆكردن لەگەڵ پەیەدە، لەسەر دەستپێشخەریی ئەمەریكا و مەزڵوم عەبدی بۆ یەكڕیزیی كورد لە سووریا بووە سەبارەت بە كۆنگرەی ئاستانا لە 10ی مانگی داهاتوو و كۆنگرەی جنێف نۆ و دەستووری نوێی سووریا.
ئەو سەركردەیەی ئەنەكەسە گوتیشی، ئەمڕۆ ئەنەكەسە دواكۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و بڕیاری كۆتایی لەبارەی هەموو پرسەكانەوە دەدات و، لە داهاتووشدا بەپێی ئەو بەرنامە و كارنامەیەی ئەمڕۆ پەسەند دەكرێت، كار دەكات.
بڵند ئیبراهیم




