" نێچیرڤان بارزانی گشت ڕێگاچارەکان دەدۆزێتەوە بۆ پاراستنی کوردستان لە مه‌ترسییه‌كان "

سلێمانی -KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ و پسپۆڕی بواری زانستە سیاسییەکان دەڵێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دۆزی کوردی بە بڕبڕەی پشتی سەقامگیری و هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەسف کرد. هاوکات هاووڵاتییان دەڵێن، نێچیرڤان بارزانی گشت ڕێگاچارەکان دەدۆزێتەوە بۆ پاراستنی کوردستان لە مه‌ترسییه‌كان.
مامۆستایەکی زانسته سیاسییه‌كان دەڵێت: "ئەزموونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمێژە ئەوەی سەلماندووە کە خاوەنی ستراتیژێکی دیپلۆماسییە و لە هه‌موو پێشهاته‌كاندا دەستپێشخەر بووە بۆ ئەوەی کوردستان لە کێشەکان بەدوور بگرێ، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش دڵخۆشن بە لێكنزیكبوونه‌وه‌ی لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی مافه ده‌ستوورییەکان و بەرژەوەندییەکانی گه‌لی كوردستان."
هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕواننە وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە لە دووەم ڕۆژی "دیداری ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست"، له زانکۆی ئه‌مه‌ریکی له دهۆک پێشکەشی کرد و باسی له كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و عێراق و دۆزی كورد كرد و ڕایگه‌یاند، دۆزی کورد، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و چاره‌سه‌رکردنیشی به‌شێکی گرنگی ئاشتییه له ناوچه‌که‌دا.
ئارێز محەمەد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە دەسپێشخەر بووە لە هه‌موو پێشهاته‌كاندا و ئەنجامەکەشی لە سوودی گەلی کوردستان بووە، بۆیە هەر کارێک بکات بە دڵنیاییەوە كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی ده‌بێت، هەروەک چۆن بە کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەر بووە."
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا ئاماژه‌ی به ده‌رئه‌نجام و لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی تیرۆر له ناوچه‌كه‌دا كرد و گوتی: "کوردستان له‌م ڕه‌وش و قه‌یرانانه به‌ده‌ر نییه. ده‌بێت به وریایی کار بکات بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ژینگه ئاڵۆزه‌دا به ئاسووده‌یی به‌ڕێوه بچێت. بۆیه هه‌وڵمان داوه و به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی ستراتیژمان هه‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م کێشانه. ستراتیژی ئێمه درێژکردنه‌وه‌ی سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستانه بۆ عێراق و ناوچه‌که، به تێڕوانینی ئێمه تاکه ڕێگه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان دانوستان و چاره‌سه‌ری سیاسییه."
بنار عەلی، کە دانیشتووی شاری سلێمانییە، لەبارەی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان خەمخۆرانە هەوڵی جددی دەدات بۆ پاراستنی یەکڕیزی و بەدەستهێنانی ماف و خواستەکانی گەلی کوردستان، بۆیە بە دڵنیاییه‌وه گشت ڕێگاچارەکان دەدۆزێتەوە بۆ پاراستنی کوردستان لە مه‌ترسییه‌كان، به‌تایبه‌ت مه‌ترسیی تیرۆر."
د. سەردار قادر، مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان لە لێدوانیکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "یەکگوتاری و یەکهەڵویستیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەمبەر هاوکێشەکانی دەوروبەر لە پرسە نەتەوەییەکاندا گرنگە، چونکە تەبایی و یەکڕیزی و یەکترقبووڵکردن کۆتاییی کێشەکانە و پەیامێکی پڕ مانای سیاسییە بۆ دەوروبەر".
قادر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەوەندەی نەمانی فیدراڵیەت دەبێتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەندە گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە عێراق گرفت دروست ناکات، پێویستە هەموارکردنەوەی دەستوور لە بەرژەوەندیی کورد و کوردستاندا بێت، بۆیە گرنگە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەرە لە کێشە و ئاڵۆزییەکاندا، ئەو پەیامەکەشی بە ڕوونی بە گوێی سیاسییەکانی عێراق گەیاندووە و دۆزی کوردیشی بە بڕبڕەی پشتی سەقامگیری و هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەسف کرد و دەبێت ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بەرچاوڕوونییان هەبێ لەوەی کە نابێ دۆزی کورد پشت گوێ بخرێ، بۆ ئەمەش دانوستان باشترین ڕێگە چارەیە و لەدوای هەر کێشە و ناخۆشییەک دواجار هەر گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دوابژاردەیە."
زریان که‌مال




