هە‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان داوا ده‌كه‌ن نەیەڵن یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بەبێ پشکی پارێزگای هەڵەبجە تێپەڕ ببێت
__2019_11_20_h15m48s35__ER.jpg)
هەڵەبجە -KDP.info- به هۆكاری ئه‌وه‌ی دوو پڕۆژه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق گەیشتوونه‌ته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه، به‌شدارنه‌بوونی هه‌ڵه‌بجه وه‌ك پارێزگا نیگه‌رانیی شه‌قامی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌دووای خۆیدا هێناوه، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیش ده‌ڵێ، نایه‌ڵن هه‌ڵه‌بجه وه‌ك پارێزگا له هه‌ڵبژاردنه‌كان بێبه‌ش بكرێت.
عومه‌ر فارس، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و به‌رپرسی ناوه‌ندی باڵای هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "نه‌ده‌بوو هیچ پڕۆژه‌یاسایه‌كی تایبه‌ت به گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ په‌رله‌مانی عێراق بنێردرایه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه وه‌ك پارێزگا له پڕۆژه‌كه‌دا هه‌بێت".
عومه‌ر فارس بڕوای وایه، له قۆناخی یه‌كه‌می یاساكەدا، كه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه، له‌سه‌ر لایه‌نەکانی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێویسته به یه‌ك ده‌نگ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پڕۆژەیە ببنه‌وه و هه‌ڵه‌بجه وه‌ك پارێزگا بخرێته ناو پڕۆژه‌كه و به بازنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵبژاردنی تێدا بكرێت و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان نوێنه‌ری خۆیان بنێرنه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران".
به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، هه‌ڵبژاردن فره‌بازنه‌ییه و هه‌ر پارێزگایه‌كی عێراق بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه. به‌پێی یاسا نوێیەكه، ژمارەی پەرلەمانتارانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە 329 پەرلەمانتارەوە بۆ 242 ئەندام كەم كراوه‌ته‌وه.
سالم حەمه‌خان، ڕۆژنامه‌نووس و چالاكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و بڕیارانه‌ی له لایه‌ن حكوومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقەوە تایبه‌ت به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه ده‌ركران، به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیران و كاریان پێ نه‌كرا، حكوومه‌تی عێراق هه‌میشه له کێشەکانی له‌گه‌ڵ كوردستاندا بابه‌تی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌شی پێوه ده‌به‌ستنه‌وه".
ناوبراو پێی وایه، هه‌ركات كورد له به‌غدا یه‌كده‌نگ بووبێتن، ئه‌وه توانیویانه ده‌ستكه‌وتی باش به‌ده‌ست بهێنن، بۆیه پێویسته له كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه و ته‌واوی كه‌یسه‌كانی تری تایبه‌ت به مافی كوردستان یه‌كده‌نگ بن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له گه‌نگه‌شه‌ی پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌ك پارێزگا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، وه‌ك چۆن چه‌ندین فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی حكوومه‌تی ناوه‌ندی له هه‌ڵه‌بجه كراونه‌ته‌وه و هه‌ر زیادكردنێكی كورسی بۆ هه‌ڵه‌بجه دواجار له به‌رژه‌وه‌ندیی كورد ده‌شكێته‌وه".
ڕۆژی (13-3-2014) له لایه‌ن سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە، کە ئه‌وكات نێچیرڤان بارزانی بوو، واژۆ له‌سه‌ر به‌پارێزگابوونی شاره‌كه كرا، له (2-5-2015) له لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه له هۆڵی مۆنه‌مێنتی شاره‌كه پڕۆژه‌یاسای به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه په‌سه‌ند كرا و كرایه چواره‌م پارێزگای هه‌رێمی كوردستان، پاشان سه‌رۆكی ئه‌وكاتی كوردستان، سه‌رۆك مەسعوود باررزانی، وه‌ك سه‌رۆكی كوردستان مه‌رسوومی سه‌رۆكایه‌تیی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئیمزا كرد.
مامۆستا شه‌هێن هه‌ڵه‌بجه‌یی، ده‌ڵێ: "جارێكی تر برینێكی تر خرایه سه‌ر برینی سارێژنه‌كراومان، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و حكوومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق هه‌ڵه‌بجه‌یان بێبه‌ش كرد له‌وه‌ی به سه‌ربه‌خۆیانه و ئازادی ده‌نگ بده‌ین و وه‌ك پارێزگایه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكه‌ن، ئێستا ئه‌ركی سه‌ره‌كیی فراكسیۆنەکانی كوردستان ئەوەیە به یه‌كده‌نگ پشتیوانی هه‌ڵه‌بجه بن و ڕێگه نه‌ده‌ن ئیدی ده‌سه‌ڵاتی عێراقی به‌رده‌وام بێت له پێشێلكردنی مافی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان".
د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "نابێت هەڵەبجە وەك پارێزگا لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكاندا مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت و لە خوێندنەوەكانی تری یاساكەشدا لە هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران گەنگەشەی لەسەر دەكەین، چونكە تێبینیی زۆرمان لەسەر ئەو پڕۆژەیە هەیە و بە ڕێژەیەكی زۆر كورسیی پەرلەمانی بۆ پارێزگاكانی كوردستان كەم كراوەتەوە".
عه‌زیز هه‌ورامی




