٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٢٨ ملیار دیناری جووتیاران دابەش دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر -KDP.info- حکوومەتی عێراق بڕی ٢٨ملیار دینار، چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی نارد. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنە داراییەکان، چەکی پارەکە دابەش دەکرێت.

 

نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق بڕی ٢٨ ملیار دینار، چەکی بۆ پارەی گەنمی جووتیاران ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان کردووە، کە لەو بڕە پارەیەش ٢٠ ملیاری دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای سلێمانییە و ٤ ملیار دینار بۆ پارێزگای ھەولێر و ٤ ملیار دینارەکەی تریش بۆ پارێزگای دھۆکە."

 

پەیوەست بە کاتی دابەشکردنەکەش، ناوبراو دەڵێت: "لە ماوەیەکی نزیکدا و دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنە داراییەکان، بڕی پارەی چەکەکە لە پارێزگاکانی ھەرێم دابەش دەکرێت و جووتیاران دەتوانن سەردانی ئەو سایلۆیانە بکەن کە گەنمیان لێ ڕادەست کردوون و دواتر بڕی پارەی چەکەکەیان لە بانکەکان وەردەگرن."

ئاماژە بەوەش دەکات، دوای دابەشکردنی ئەو ٢٨ ملیار دینارە، پرۆسەی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٩ کۆتایی دێت.

 

ھەڵکەوت محەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار